Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت گۆڕانکاریـیەکی دراماتیکی بەسەر هەڵوێستی کۆریای باکوردا هاتووە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت لە ناکاو گۆڕانکاریـیەکی دراماتیکی بەسەر هەڵوێستی ڕێبەری کۆریای باکوردا هاتووە و ئەمەش وەهای لە سەرۆک ترامپ کردووە قایلبێت وتووێژی لەگەڵدا بکات.

ڕێکس تیلەرسن ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە جیبۆتی گوتی ئەمەریکا سەرسام بووە بەو گۆڕانکاریـیەی بەسەر هەڵوێستی ڕێبەری کۆریای باکوردا هاتووە. دەڵێت ئەمە بەهێزترین ئاماژەیە لە لایەن کیم جۆن ئون کە نەک تەنها ئامادەیە، بەڵکو خواستێکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ وتووێژکردن.

تیلەرسن گوتیشی سەرۆک ترامپ بڕیاری دا بەخۆی ڕێبەری کۆریای باکور ببینێت، پاش ئەوەی بە گونجاوی زانی وتووێژی لەگەڵدا بکات نەک "دانوستاندنی فەرمی".

باسی لەوەش کرد ڕەنگە چەند هەفتەیەک پـێویست بێت بۆ دەستنیشانکردنی کاتی کۆبوونەوەکە. سەرچاوەکان دەڵێن لە مانگی پـێنجدا سازدەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە مایک پـێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا گوتی خواستی کیم جۆن ئون بۆ کۆبوونەوە نیشانەیەکە کە ستراتیژیەتی سەرۆک ترامپ لە بەرامبەر پـیۆنگ‌یانگ کاریگەری هەبووە.

سەرۆک ترامپ لە تویتەرەکەی لەم بارەیەوە نووسیویەتی" کیم جۆنگ ئون لە بارەی داماڵینی چەکی ناوکی قسەی کردووە نەک تەنیا سڕکردنی. هەروەها، لەم ماوەیە هیچ تاقیکردنەوەیەکی موشەکی لەلایەن کۆریای باکورەوە ئەنجام نادرێت. بەرەوپـێشچوونێکی گەورە بەدەستهاتووە بەڵام سزاکان دەمێننەوە هەتا ڕێکەوتنێک دەکرێت. پـلان بۆ کۆبوونەوەکە دادەنرێت!"

XS
SM
MD
LG