Accessibility links

خوشکەکەی کیم جۆنگ ئون: پێشبینیەکانی واشنتن لەسەر گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆریای باکوور " هەڵەن "


کیم یۆ جۆنگ
کیم یۆ جۆنگ

دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەدا خوشکەکەی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون وتی پێشبینیەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەگەڵ پیۆنگیانگ " هەڵەن " و ڕووبەڕووی " نائومێدییەکی گەورە " دەبێتەوە.

ئەم لێدوانەی کیم یۆ جۆنگی خوشکی کیم جۆنگ ئون دوای ئەوە هات ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان کاردانەوەکەی کیم جۆنگ ئونی سەبارەت بەوەی ئەمەریکا دووبارە چاوبخشێنێتەوە بە سیاسەتەکانیدا بەرامبەر کۆریای باکوور بە ئاماژەیەکی سەرنجڕاکێش " ناودێرکرد.

بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پێشتر بەڵێنیداوە لەڕێی هەوڵە دیبلۆماتییەکانەوە کۆریای باکوور ڕازیبکات دەستبەرداری بەرنامە ناوەکیی و موشەکییە باڵیستیکییەکەی بێت.

هەفتەی ڕابردوو ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە وەڵامێکدا وتی دەبێت پیۆنگیانگ بۆ " گفتۆگۆکردن و ڕووبەڕووبوونەوەش " ئامادە بێت.

واشنتن لێدوانەکانی کیم جۆنگ ئونی بە سەرنجڕاکێش ناودێرکرد، سۆلیڤان بە تۆڕی هەواڵی " ئەی بی سی " وت بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا " چاوەڕێ دەکات بزانێت ئەم لێدوانە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بەدوادا دەبێت لەگەڵماندا لەسەر چۆنێتی بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکان یاخود نا."

بەڵام کیم یۆ جۆنگ کە بە ڕاوێژکارێکی گرنگی براکەی دادەنرێت وادیاربوو لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان کەم بکاتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردۆتەوە دەڵێت ئەمەریکا وادەردەکەوێت " ئاسوودەیی بدات بە خۆی."

وتیشی ئەمەریکییەکان پێشبینی " هەڵە " دەکەن و ئەوەش لەوانەیە ببێتەهۆی ئەوەی ڕووبەڕووی " نائومێدییەکی گەورەیان بکاتەوە."

ئەم لێدوانانە هاوکاتە لەگەڵ سەردانە پێنج ڕۆژەییەکەی نوێنەری ئەمەریکا سونگ کیم بۆ کۆریای باشوور کە ڕۆژی دووشەممە وتی ئەمەریکا ئامادەیە لەگەڵ کۆریای باکووردا " لە هەر شوێن و کاتێکدا و بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەخت " کۆببێتەوە.

چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکەی کیم یۆ جۆنگ، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور سونگ کیم چاوی بە وەزیری یەکخستنی کۆریای باشوور کەوت و جەختی لە ئامادەیی ئەمەریکا کردۆتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ باکووردا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG