Accessibility links

دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا پێی وایە پێدەچێت پوتن فەرمانی کوشتنی ناڤاڵنی نەدابێت


ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژورناڵ ڕۆژی شەممە، 27ی مانگی چوار بڵاویکردەوە دەزگاکانی هەواڵگری ئەمەریکا سوورن لەسەر ئەوەی کە ڕەنگە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن فەرمانی نەکردبێت بە کوشتنی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا ئالێکسی ناڤاڵنی لە مانگی دوودا لە زیندانێکی ڕووسیادا.

ناڤاڵنی کە لە تەمەنی 47 ساڵیدا لە زیندانێکی ڕووسیا گیانی لەدەستدا، سەرسەختترین ڕەخنەگر بوو لە پوتن لە ناوخۆی ڕووسیادا، کاربەدەستانی ڕووسیا بە توندڕەو ناوییان دەبرد، ناڤاڵنی پێش مردنیشی پوتنی تۆمەتبار کردبوو بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی و وتبووشی کە بە بەڵگە دەیسەلمێنێت کە ئەوان لە پشت ئەو هەوڵانەدان.

کرێملن ڕەتی کردەوە دەستی هەبووبێت لە مەرگی ناڤاڵنیدا، مانگی ڕابردوو پوتن وتی مەرگی ناڤاڵنی " خەمبارکەرە " و وتی ئامادە بووە لە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکاندا ناڤاڵنی ڕادەستی ڕۆژئاوا بکات بە مەرجی ئەوەی ناڤاڵنی هەرگیز نەگەڕێتەوە بۆ ڕووسیا. هاوپەیمانەکانی ناڤاڵنیش وتییان گفتوگۆ لەوبارەیەوە هەبووە.

واڵ ستریت ژورناڵ لە زاری چەند کەسێکی نزیک لە بابەتەکەوە بڵاویکردەوە دەزگاکانی هەواڵگری ئەمەریکا گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە ڕەنگە پوتن فەرمانی کوشتنی ناڤاڵنی لە مانگی دوودا نەدابێت.

وتیشی واشنتن پوتنی بێبەری نەکردووە لە بەرپرسیارێتی مەرگی ناڤاڵنی بە شێوەیەکی گشتی، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ناڤاڵنی چەندین ساڵە لەلایەن بەرپرسانی ڕووسیاوە کراوەتە ئامانج، بە کۆمەڵە تۆمەتێک تۆمەتبار کراوە کە ڕۆژئاوا دەڵێت پاڵنەری سیاسییان هەبووە، هەروەها لە ساڵی 2020 دا ژەهراویکرا.

کرێملن ڕەتی کردووەتەوە دەستی هەبووبێت لە ژەهراویکردنی ناڤاڵنیدا لە ساڵی 2020 دا.

ڕۆژی شەممە وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی ڕاپۆرتەکەی واڵ ستریت ژورناڵی بینیوە و " گومانێکی بەتاڵ بووە."

پێسکۆڤ وتی " بابەتەکەم بینی، پێم وانیە بابەتەکە کواڵێتییەکەی ئەوەندە بەرز بێت کە شایەنی سەرنج بێت."

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە ڕاپۆرتەکەی واڵ ستریت ژورناڵ بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکاتەوە، ڕاپۆرتەکە لە زاری سەرچاوەکانەوە وەرگیراوە و دەڵێن دەرەنجامەکان " بە شێوەیەکی بەرچاو لە نێو کۆمەڵگەی هەواڵگریدا پەسەند کراوە و لەلایەن چەندین دەزگاوە هاوبەش کراوە، لەوانەش دەزگای هەواڵگری ناوەند و ئۆفیسی بەڕێوبەری هەواڵگری نیشتیمانی و یەکەی هەواڵگری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش."

ڕاپۆرتەکە لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردەوە هەڵسەنگاندنەکەی ئەمەریکا لەسەر کۆمەڵێک زانیاریی سەرچاوەی گرتووە، هەندێک لە زانیاریی هەواڵگریشییان تێدا بووە، هەروەها ڕاستییە ئاشکراکانیشیان هەڵسەنگاندووە، لەوانەش کاتی مردنی ناڤاڵنی و چۆن سەرکەوتنەکەی پوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیادا شاردەوە.

یەکێک لە یاریدەدەرە باڵاکانی ناڤاڵنی، لیۆنید ڤۆلکۆڤ وتی دەرەنجامەکانی ئەمەریکا ساویلکەیین.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG