Accessibility links

ئەمەریکا سیستەمێـکی دژە موشەکی پـێشکەوتوو لە ڕۆمانیا دەخاتە کار


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سیستەمێـکی دژە موشەکی پـێشکەوتووی لە بنکەیەکی لەشکری لە ناوچەی دێڤێسێلووی باشوری ڕۆمانیا دامەزراند و دەڵێت بۆ پاراستنی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە لە هەڕەشەی وڵاتە خراپەکارەکان. ئەم هەنگاوە تۆڕەیی ڕووسیای لێکەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕێوڕەسمێـکدا بە ئامادەبوونی یەنس ستوڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ و ئەدمێراڵ مارک فێرگسن فەرماندەی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ئەوروپا و کاربەدەسـتانی ڕۆمانی سیستەمەکە خرایە کار کە 800 ملیۆن دۆلاری تێچووە.

ئەدمێراڵ مارک گوتی ئەمەریکا و ڕۆمانیا لە ڕێگەی دابینکردنی ئەم سیستەمە بۆ ناتۆ مێژوو دروست دەکەن. سکرتێری ناتۆش لای خۆیەوە گوتی ئەمڕۆ ساتێـکی گرنگ لە مێژوو و ئاسایشی ناتۆ دەبینین. گوتیشی سیستەمەکە توانا بەرگریـیەکانی هاوپەیمانە ئەوروپایـیەکان بەهێزتر دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر موشەکێـکی بالستی کە لە دەرەوەی ناوچەی ئەوروپای ناتۆوە هەڵبدرێت.

ڕووسیا توڕەیی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕی و لە زاری دیمتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی کرملێن گوتی " هەر لە سەرەتاوە گوتومانە و بڕوامان وایە دانانی ئەم سیستەمی دژە موشەکیـیە بۆخۆی هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاسایشی ڕووسیا."

شارەزایان دەڵێن ڕووسیا پـێی وایە ئەم سیستەمە لە بەرامبەر چەکە ناوکیـیەکانی دانراوە. سکرتێری ناتۆ هەر لە لێدوانەکەیدا مۆسکۆی دڵنیاکردەوە کە ئەم سیستەمە لە دژی ئەو نیـیە و پـێویست ناکات نیگەران بێت.

XS
SM
MD
LG