Accessibility links

کەسێک بۆمبێک دەگرێتە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆنتێنیگرۆ و پاشان خۆی دەتەقێنێتەوە


کەسێک بۆمبێـکی گرتووەتە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە شاری بۆدگۆریستای پایتەختی مۆنتێنیگرۆ و پاشان بۆمبێکی دیکەی بە خۆیدا تەقاندووەتەوە و خۆی کوشتووە.

حکومەتی مۆنتێنیگرۆ هێرشەکەی بە توندی سەرزەشتکرد و لەسەر تویتەری فەرمی خۆی نووسیویەتی ڕووداوەکە لە کاژمێر 12:30 ی شەوی چوارشەممە لەسەر پـێنجشەممە بووە ، وە ئێستا پـۆلیس هەوڵ دەدات ناسنامەی خۆکوژەکە بزانێت.

بەڵام ڕۆژنامەی ڤیجستی ئەو وڵاتە لەسەر ماڵپەڕی خۆی نووسیویەتی ئەو کەسە ناوی دالیبۆر یاکۆڤیچە و تەمەنی 43 ساڵ بووە و براکەی تەرمەکەی لە فەرمانگەی پـزیشکی دادوەری ناسیوەتەوە. دەشڵێت ناوبراو لە فەیسبوکەکەی وێنەی مەدالیایەکی خۆی داناوە کە لە ساڵی 1999 لە لایەن سلۆبۆدان میلۆشێڤیچ سەرۆکی پـێشووی سڕبیا پـێی بەخشراوە لەو کاتەی لە نێو لەشکری ئەو سەردەمەی یۆگۆسلافیا بووە.

لە لایەکی دیکە پەیامنێری ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت پـۆلیس ڕێگە بە ڕۆژنامەوانان و خەڵکی نادات لە شوێنی ڕووداوەکە نزیک بکەونەوە، بەڵام لە دورەوە هیچ ئاسەوارێکی زیانی مادی لە شوێنەکە نابینرێت.

پـۆلیس لای خۆیەوە گوتی بۆمبەکە کە پـێدەچێت دەستی بووبێت، کەوتووەتە حەوشەی باڵیۆزخانەکە و تەنیا چاڵێکی لە زەویەکە دروستکردووە و هیچ زیانی بە باڵیۆزخانەکە نەگەیاندووە.

پاسەوانی یانەیەکی وەرزشی لە نزیک باڵیۆزخانەکە بە فڕانس پـرێسی گوتووە نیوەشەو گوێی لە دەنگی دوو تەقینەوە بە دوای یەکدا بووە، پاشان بە خێرایی پـۆلیس هاتووە و تەرمی پـیاوەکەیان هەڵگرتووە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بۆدگۆریستا ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاگاهی بە ئەمەریکایـیان لەو وڵاتە دەدات کە لە ئێستادا نزیکی باڵیۆزخانەکە و شوێنی قەرباڵغ نەبنەوە.

جێی ئاماژەیە مۆنتێنیگرۆ لە مانگی پـێنجی ساڵی 2017 بووەتە ئەندامێکی ناتۆ، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی بەشێکی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە بچوکەی بەڵقان.

XS
SM
MD
LG