Accessibility links

بەڕێوبەری کۆمپانیای مۆدێرنا دەڵێت پێدەچێت ڤاکسینەکان دژی ئۆمیکرۆن سوودیان نەبێت


بەڕێوبەری کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ڤاکسینی مۆدێرنا بە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی وت پێدەچێت ئەو ڤاکسینانەی ئێستا لەبەردەستدان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا سوودیان نەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆندا، ئاماژەشی بەوەدا چەند مانگێکی دەوێت تاوەکو پەرە بە ڤاکسینێک بدرێت سوودی هەبێت.

بەڕێوبەری کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمەریکی ستێفان بانسێڵ لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆژنامەکەی وت لە دوو هەفتەی داهاتوودا زانیارییەکان لەسەر کاریگەریی ڤاکسینەکانی ئێستا لەسەر جۆری ئۆمیکرۆن لەبەردەستدا دەبن، بەڵام زانایان گەشبین نەبوون.

وتی " هەموو ئەو زانایانەی قسەم لەگەڵدا کردوون، دەڵێن ئەمە باش نابێت."

لێدوانەکانی بانسێڵ لەکاتێکدایە وەزیرانی تەندروستی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە سەرانسەری جیهاندا بڵاودەبێتەوە و وڵاتانی ناچار کردووە جارێکی دیکە سنوورەکانیان دابخەن یاخود کۆتوبەندی نوێ بەسەر گەشتکردندا بسەپێنن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی ئاستی مەترسی ئۆمیکرۆن " زۆر بەرزە."

لە ماوەی ڕابردوودا مۆدێرنا ئاماژەی بەوەداوە کار لەسەر پەرەپێدانی ڤاکسینێک دەکات کە بەتایبەتی کاریگەریی لەسەر ئۆمیکرۆن هەبێت.

بانسێڵ وتی تاوەکو ساڵی 2022 کۆمپانیای مۆدێرنا پێدەچێت بتوانیت دوو بۆ سێ ملیار بەشە ڤاکسین بەرهەم بهێنێت، بەڵام ئەوەشی خستەڕوو مەترسیدار دەبێت ئەگەر سەرجەم ئەو ڤاکسینانەی بەرهەم دەهێندرێن تایبەت بە ئۆمیکرۆن بن، لەکاتێکدا جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هێشتا ماون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG