Accessibility links

ئەمەریکا سەرکەوتووانە سیستەمێکی بەرگری موشەکی خۆی تاقیکردەوە

  • VOA News

لەشکری ئەمەریکا سیستەمێکی بەرگری موشەکی خۆی تاقیکردەوە و توانی سەرکەوتووانە موشەکێـکی بالیستی مەودا دور لەسەر ئۆقیانوسی پاسفێک تێکبشکێنێت.

تاقیکردنەوەکە دوێنێ سێشەممە بەڕێوەچوو و سەرەتا موشەکە بالیستیـیەکە هەڵدرا بە ئاڕاستەی باشوری ویلایەتی ئالاسکا لە بنکەی لەشکری ئەمەریکا لە دورگەی کواجالین ئاتوڵی سەر بە کۆمەڵە دورگەی مارشاڵ کە دەکەوێتە نێو ئۆقیانوسی پاسفیکەوە.

پاشان سیستەمی بەرگری موشەکی لە بنکەی هێزی ئاسمانی ڤاندێنبێرگ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کە زیاتر لە 7500 کیلۆمەتر لە بنکەی لەشکری کواجالین ئاتوڵیـیەوە دورە، موشەکەکەی بەدی کرد و موشەکێـکی ئاڕاستەکرد و توانی لە ماوەی چەند خولەکێـکدا بیپـێکێت و لە ئاسماندا لەسەر ئۆقیانوس تێکی بشکێنێت.

تاقیکردنەوەی ئەم سیستەمە لە کاتێـکدا کە هەڕەشەکانی کۆریای باکور بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زیادبوون.

کۆریای باکور لەم دوایـیانە چەندان جار موشەکی بالیستی جیاوازی تاقیکردووەتەوە. ژمارەیەک لەو موشەکانە لە نزیک ئاوەکانی ژاپـۆن و کۆریای باشور کەوتوونەتەوە.

XS
SM
MD
LG