وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت دەڵێت هێزە لەشکریـیەکانی وڵاتەکەی هەر وەکو خۆیان بەهێزن و هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و گوڕینی ژمارەیەک کاربەدەستی لەشکری هیچ کاریگەری نەرێنیان بەسەر هێزەکاندا نیـیە.
کریستۆفەر میلەر ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکیدا گوتی" دەمەوێت بۆ خەڵکی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی دووپاتبکەمەوە وەزارەتی بەرگری هێشتا بەهێزە و چالاکانە کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان و گەلەکەمان و بەرژەوەندیـیەکانمان لە سەرانسەری جیهان."
میلەر کە لە ڕۆژی دووشەممەوە لەم پـۆستە نوێـیەی دەستبەکاربووە، ئەمڕۆ پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجام دا لەگەڵ وەزیرانی بەرگری فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و یەنس ستۆڵتبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ.
هەروەها پەیوەندی ئەنجام دا لەگەڵ میچ مەکۆنێڵ ڕێبەری کۆماریـیەکان لە ئەنجومەنی سینات و نانسی پـلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و بەرپـرسانی دیکەی باڵای دیموکراتەکان.