Accessibility links

سەرکردە سەربازییەکانی ئەمەریکا وەڵامی پرسیارەکانی کۆنگرێس دەدەنەوە لەسەر بودجەی پەنتاگۆن و پشتیوانییەکان بۆ ئیسڕائیل و ئۆکرانیا


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا سی کیو بڕاون جونیەر ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا وەڵامی پرسیارەکانییان دایەوە سەبارەت بە بودجە 850 ملیار دۆلارییەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ ساڵی 2025، لە کاتێکدا کە پرسیارەکان هێشتا ماونەتەوە سەبارەت بەوەی ئایا یاسادانەرانی کۆنگرێس پشتیوانی لە خەرجییەکانی ئێستا دەکەن بۆ پێویستییەکانی ئیسڕائیل و ئۆکرانیا یاخود نا.

دانیشتنەکەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا یەکەمین جار بوو یاسادانەرانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش تێیدا بتوانن پرسیار لە سەرکردایەتی باڵای وەزارەتی بەرگری و سوپا بکەن سەبارەت بە ستراتیژیی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن لەسەر ئیسڕائیل، دوابەدوای هێرشە ئاسمانییە کوشندەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکانی چێشتخانەی ناوەندی جیهان لە غەززە. هەروەها دوابەدوای داوا بەپەلەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دێت بۆ چەک و تەقەمەنی، زێلێنسکی دەڵێت ئەگەر ئەمەریکا بە زوویی یارمەتی ئۆکرانیا نەدات ئەوا کیێڤ لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ڕووسیا شکست دەهێنێت.

ئۆستن و بڕاونیش لە سەرەتای قسەکانییاندا جەختییان لە بودجەکەی ساڵی 2025 کردەوە بۆ وەزارەتی بەرگری و وتییان بودجەکە هێشتا ئامانجە ستراتیژییە درێژخایەنە سەربازییەکەی لە بەرچاو گرتووە، ئەوەش لە پێناو ئامادەکردنی هێزەکان و چەکەکان بۆ ئەگەری ململانێیەک لە داهاتوودا لەگەڵ چین. نزیکەی 100 ملیار دۆلاری بودجەکەی ئەم ساڵ دابینکراوە بۆ چەکە نوێیەکانی بۆشایی ئاسمان و ئەتۆمی و ئەلیکترۆنی، سوپا دەڵێت دەبێت ئێستا وەبەرهێنان لەو بوارانەدا بکات پێش ئەوەی تواناکانی پەکین زاڵ ببن بەسەریدا.

ململانێکانی ناو ئۆکرانیا و ئیسڕائیل بوونەتە هۆکاری دابەشبوونی کۆنگرێسی ئەمەریکا و لە ئەنجامدا بوونە هۆی دواکەوتنی تێپەڕبوونی پڕۆژە یاسای بودجەی بەرگری ساڵی ڕابردوو، تەنها چەند هەفتەیەکی کەم لەمەوبەر پڕۆژە یاساکە پەسەند کرا.

ئۆستن لە دەستپێکی لێدوانەکانیدا قسەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی پچڕێندرا بەهۆی خۆپیشاندەرانەوە کە ئاڵای فەلەستینییەکانییان بەرز کردبووە و هاوارییان دەکرد چیتر چەک مەنێرە بۆ ئیسڕائیل، دەیانوت " کۆمەڵکوژییەکە ڕابگرە."

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا توانیویەتی بڕی نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار لە تەقەمەنی بۆ کیێڤ کۆبکاتەوە و ڕەوانەی کیێڤی کردووە، بەڵام ناتوانێت بەبێ پشتیوانی کۆنگرێس زیاتر بنێرێت، بڕی 60 ملیار دۆلاری دیکەش بۆ ئۆکرانیا ماوەی چەندین مانگە لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا ڕاگیراوە.

ئۆستن بە سیناتۆرەکانی وت " باجی سەرکردایەتی ئەمەریکا ڕاستەقینەیە. بەڵام زۆر لە باجی کۆڵدانی ئەمەریکا کەمترە."

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا چەندین مانگە داوا لە کۆنگرێس دەکات پشتیوانی لە یارمەتییە نوێیەکان بکات بۆ ئۆکرانیا، بەڵام داواکان سوودییان نەبووە، لە هەمان کاتیشدا هەوڵیداوە هاوسەنگییەک ڕابگرێت لە نێوان بەرگریکردن لە ئیسڕائیلی هاوپەیمانی و پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە سەرەکییە عەرەبەکانی لە ناوچەکەدا.

هەندێک لە یاسادانەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێن دەبێت پێویستییەکان لە ناوخۆی ئەمەریکادا دابین بکرێن پێش ئەوەی پارە و چەکی زیاتر ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێن، یەکێک لە پرسە هەرە سەرەکییەکان سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەرانە لە سنووری باشووری ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیکدا. سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسنی کۆماری ڕووبەڕووی داوایەک بووەتەوە بۆ دوورخستنەوەی، مارجۆری تەیلەر گرینی کۆماری داوای دوورخستنەوەی جۆنسنی کردووە چونکە دەڵێت جۆنسن هەوڵ دەدات سازدانێک بکات بۆ پەسەندکردنی یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کۆمارییەکان تێیدا باڵا دەستن و تاوەکو ئێستا پڕۆژە یاسای یارمەتییەکانی بۆ ئۆکرانیا پەسەند نەکردووە.

لەسەر ئیسڕائیلیش، هێرشەکەی سەر کارمەندە مرۆییەکانی ڕێکخراوی چێشتخانەی جیهان بووە هۆی گۆڕینی هەڵوێستی بایدن و توندبوونی لەسەر ئەوەی دەبێت ئیسڕائیل هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە بپارێزێت، هێرشەکە وایکرد ژمارەیەکی زۆر لە یاسادانەرانی دیموکراتەکان بە نانسی پیڵۆسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاشەوە داوا لە بایدن بکەن گواستنەوەی چەک بۆ ئیسڕائیل ڕابگرێت.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG