ڕۆژی یەکشەممە سوپای ئەمەریکا وتی ئۆپەراسیۆنێکی لە هایتی ئەنجام داوە بۆ گواستنەوەی کارمەندە ناپێویستەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە هایتی و وتیشی هێزەکانی ئەمەریکا ئاسایشی باڵیۆزخانەکە پتەوتر دەکەن، لە کاتێکدا کە هایتی باری نائاسایی ڕاگەیاندووە.
ئۆپەراسیۆنەکە نوێترین ئاماژەیە لەسەر کێشەکانی هایتی لە کاتێکدا کە توندوتیژی چەتەکان هەڕەشە دەکات لە ڕووخاندنی حکومەت و بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران کەس لە ماڵەکانییان هەڵبێن.
سەرکردایەتی سەربازیی باشووری ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم گواستنەوەی کارمەندانە بۆ ناو باڵیۆزخانەکە و بۆ دەرەوەی باڵیۆزخانەکە لەگەڵ ستانداردەکانمان بۆ زیادکردنی ئاسایشی باڵیۆزخانەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەگونجێت."
درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە لە هایتی باری نائاسایی ڕاگەیەندرا، ئەوەش دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادانەکان پەرەیان سەند لە کاتێکدا کە سەرۆک وەزیری وڵاتەکە ئاریێڵ هێنری لە نایرۆبی پایتەختی کینیا بوو تاوەکو ڕێککەوتنێکی دەستبکەوێت لەسەر ئەرکێکی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ هایتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لێدەکات و ماوەیەکی زۆرە دواکەوتووە.
ساڵی ڕابردوو کینیا ڕایگەیاند ڕابەرایەتی هێزە ئاسایشییە نێودەوڵەتییەکە دەکات، بەڵام بەهۆی کێشە یاساییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەوە ئەرکەکە ڕاگیراوە.
ڕۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ سەرۆکی کینیا ویلیام ڕوتۆدا سەبارەت بە قەیرانەکانی هایتی قسەی کردووە و هەردووکییان جەختییان کردووەتەوە لەسەر پابەندبوونی خۆیان بە ئەرکە ئاسایشییە نێودەوڵەتییەکەوە بۆ گەڕاندنەوەی یاسا بۆ هایتی.
سەرکردایەتی سەربازیی باشووری ئەمەریکا وتی ئەمەریکا پابەندە بەو ئامانجانەوە.
وتی " باڵیۆزخانەکەمان سەنگی خستووەتە سەر بەرەوپێشەوەبردنی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ پشتگیریکردن لە گەلی هایتی، لەوانەش بڵاوکردنەوەی پۆلیسی نیشتیمانی هایتی و خێراکردنی ڕەوانەکردنی ئەرکی پشتیوانی نێودەوڵەتی ئاسایشی کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگیری لێدەکرێت و هەروەها خێراکردنی ڕادەستکردنێکی ئاشتییانەی دەسەڵات لە ڕێی هەڵبژاردنێکی ئازاد و سەربەخۆوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز