Accessibility links

ئەمەریکا ئەو چەکانە دەدات بە ئۆکرانیا کە " پێویستی پێیانە " دژی ڕووسیا


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی ئەمەریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا و پێدانی " ئەو چەکانەی کە ئۆکرانیا " پێویستی پێیانە بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی ڕووسیا. ئەمەش لەکاتێکدایە ئۆکرانیا هەوڵی دەستکەوتنی یارمەتی سەربازیی زیاتر دەدات لە ڕۆژئاواوە.

سۆلیڤان وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن چەکی زیاتر دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا تاوەکو ڕێگە نەدات ڕووسیا ناوچەی زیاتر بگرێت و هاوڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج.

سۆلیڤان بە ئەی بی سی نیوزی وت " ئەو چەکانە دەدەین بە ئۆکرانیا کە پێویستی پێیانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسییەکان و ڕێگە نەدان بە ڕووسیا لە گرتنی شار و شارۆچکەی زیاتر کە لەو شوێنانە ئەم تاوانانەیان ئەنجامداوە."

مۆسکۆ ڕەتی کردۆتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج، لەکاتێکدا ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ڕووسیا تاوانی جەنگی ئەنجامداوە.

سۆلیڤان دواتر لە پڕۆگرامێکی ئێن بی سی نیوزدا وتی " ئەمەریکا 24 کاتژمێر کار دەکات بۆ گەیاندنی چەکەکانمان، هەروەها بۆ ڕێکخستن و هەماهەنگیکردن لە ڕەوانەکردنی چەکی وڵاتانی دیکەشدا بۆ ئۆکرانیا."

سۆلیڤان وتی " هەموو ڕۆژێک چەکەکان دەگەنە ئۆکرانیا، بەمڕۆشەوە."

هەفتەی ڕابردوو کۆشکی سپی وتی لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا بڕی 1.7 ملیار دۆلار پشتیوانی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا ناردووە.

ئەو چەکانەی ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکرێن بریتین لە موشەکی بەرگری ستینگەری دژە فڕۆکە و موشەکی جاڤیڵینی دژە تانک، هەروەها تەقەمەنی و قەڵغانی لەش. بەڵام سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای چەکی قورستر دەکات لە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە تاوەکو هێزەکانی ئۆکرانیا بتوانن لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی ڕووسیا ببنەوە. پێشبینی دەکرێت ڕووسیا هێرشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا چڕتر بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG