Accessibility links

ژنێکی دیکەی موسڵمان لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا سەرکەوتوو دەبێت


ژنێکی دیکەی موسڵمانی بە ڕەچەڵەک سۆماڵی توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر ڕکابەرە کۆماریـیەکەی لە ناوچەیەکی ویلایەتی مینیسۆتا تۆماربکات و بەوەش دەبێتە دووەم ژنی موسڵمان بە کۆنگرێسی ئەمەریکا بگات.

ئیلهان عومەر، تەمەن 37 ساڵ کە کاندیدی دیموکراتەکان بوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە بازنەی 5 ی ویلایەتی مینیسۆتا توانی بە دەنگی 78.8% ی دەنگدەران سەرکەوێت بەسەر جێنێفەر زلنسکی کاندیدی کۆماریـیەکان کە تەنیا 21.6% ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.

بەم ئەنجامە ئیلهان عومەر دەچێتە پاڵ ڕەشیدە تڵەیبی بە ڕەچەڵەک فەڵەستینی، ئەوەی لەم هەڵبژاردنە لە ناوچەیەکی ویلایەتی میشیگن سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ئیلهان لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە سوپاسی لایەنگرانی کرد و نووسیویەتی "ئەمەمان پـێکەوە کرد. سوپاس!"

ئیلهان کە لە دایکبووی مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵە، تەمەنی منداڵی لە کەمپـێکی ئاوارەکان لە کینیا بەسەربردبوو، پاشان لە ساڵی 1995 بە خێزانەوە کۆچیان بۆ ئەمەریکا کردووە، سەرەتا لە ویلایەتی ڤێرجینیا نیشتەجێبوون، دواتر ڕوویان لە ویلایەتی مینیسۆتا کرد. ساڵی 2011 لە زانکۆی نۆرث داکۆتا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسیـیەکان وەرگرت. ساڵی 2016 بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی مینیسۆتا، بەمەش یەکەم ژنە موسڵمان بوو بچێتە ناو ئەنجومەنی ویلایەتێکی ئەمەریکاوە.

XS
SM
MD
LG