Accessibility links

دیموکراتەکان دەبنە زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەران بەڵام کۆماریـیەکان لە سینات بە زۆرینە دەمێننەوە


بەپـێی دوایـین ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، دیموکراتەکان بوونەوە زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام کۆماریـیەکان توانیان ئەنجومەنی سینات لە دەستی خۆیاندا بهێڵنەوە.

ئەنجامەکانی هەتا کاژمێر 6 ی بەیانی بە کاتی واشنتنی پایتەخت ڕاگەیاندران، نیشانی دەدەن لە کۆی 435 کورسیـیەکەی ئەنجومەنی نوێنەران دیموکراتەکان 219 کورسیـیان بردووەتەوە، بەمەش زیاتر لە نیوەی کورسیـیەکانیان لەدەستدایە. کۆماریـیەکان هەتا ئێستا 193 کورسیان لەم ئەنجومەنە بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا 23 کورسی ئەنجومەنەکە یەکلا نەبووەتەوە.

کۆماریـیەکان لە بارەگایەکی خۆیان لە تەکساس سەیری ئەنجامەکان دەکەن
کۆماریـیەکان لە بارەگایەکی خۆیان لە تەکساس سەیری ئەنجامەکان دەکەن

لە ئەنجومەنی سینات کۆماریـیەکان هەتا ئێستا لە کۆی 100 کورسیـیەکەی ئەم ئەنجومەنە 51 کورسـییان بۆخۆیان مسۆگەر کردووە، بۆیە وەک پـێشتر بە زۆرینە لەم ئەنجومەنە دەمێننەوە. دیموکراتەکان 45 کورسیـیان بەدەستهێناوە. هێشتا 4 کورسی لەم ئەنجومەنەش یەکلا نەبوونەتەوە.

سەرۆک ترامپ لای خۆیەوە خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامەکان ڕاگەیاند و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی سەرکەوتنێکی گەورە تۆمارکراوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کۆماریـیەکان زۆرینەیان لەدەست دا لە نێو یەک لە دوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێسدا.

لە بەرامبەردا خانم نانسی پـڵوسی ڕێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران شەوی سێشەممە لە بارەگای دیموکراتەکان لە واشنتن گوتی ئەمڕۆ مەسەلەکە زیاترە لە دیموکرات و کۆماریـیەکان، بەڵکو پەیوەستە بە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە دەسەڵات و لێپـرسینەوە لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ وەک ئەوەی دەستور ئاماژەی پـێدەکات.

بەپـێی ئەم ئەنجامانە چیتر بۆ سەرۆک ترامپ و کۆماریـیەکان ئاسان نابێت ئەو پـرۆژە یاسایانە تێپەڕبکەن کە خوازیارین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بۆ دیموکراتەکانیش قورس دەبێت بتوانن بڕیار لە دژی خواست و بەرنامەکانی سەرۆک ترامپ پەسەندبکەن. بۆیە چاوەڕواندەکرێت لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوو ململانێـیەکی توند لە نێو کۆنگرێس بەدیبکرێت.

XS
SM
MD
LG