Accessibility links

ئەمەریکا لە مانگی حەوتدا کۆنگرەیەکی ئابووری لە بەحرەین ساز دەکات بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە فەڵەستینیەکان


کۆشکی سپی ڕایگەیاند ئەمەریکا لە کۆتای مانگی حەوتدا کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی ئابووری لە بەحرەین ساز دەکات بە مەبەستی هاندانی وڵاتان تاوەکو وەبەرهێنان لە خاکی فەڵەستیندا بکەن، ئەمەش لە قۆناغی یەکەمی پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی ڕابەرانی سیاسیی و کار لە کۆنگرەکەدا بەشدار دەبن بۆ هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی ئەو پڕۆژە ئابوورییانە لە چوارچێوەی پلانی ئاشتی ئەمەریکادا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها لە پلانەکەدا پێشبینی دەکرێت پێشنیاری سیاسیی تێدابێت بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین.

سەرۆک ترامپ وتی ئەم پلانە گرێبەستی سەدەیە، بەڵام بەرپرسانی فەڵەستینی هەوڵەکانی ئەمەریکا ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن پلانەکە لە بەرژەوەندیی ئیسڕائیلدا دەبێت.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ وتی " هیوادارین ئەم پلانە لە ناوچەکەدا سەرکەوتوو بێت و هەلی ئابووری بڕەخسێنێت و دواتر بتوانێت ئەو کێشە سیاسییانە چارەسەر بکات کە لەمێژە هەن."

بەرپرسەکە وتیشی نوێنەران و بەرپرسانی جێبەجێکاری ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بەشداری لە کۆنگرەکەدا دەکەن.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکی وەڵامی ئەوەی نەدایەوە کە ئاخۆ بەرپرسانی ئیسڕائیلی یاخود فەڵەستینی بەشداری کۆنگرەکە دەکەن یان نا.

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان دوای کۆتای هاتنی مانگی ڕەمەزان پلانی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیەنرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG