Accessibility links

ئەمەریکا و مەکسیک تاوتوێی پرسەکانی کۆچ و بازرگانی نایاسایی دەرمان و پەیوەندییە ئابوورییەکان دەکەن


سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، مەکسیک
سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، مەکسیک

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و هاوتا مەکسیکییەکەی لە کۆبوونەوەکەیاندا لە مەکسیکۆ سیتی تاوتوێی پەیوەندییەکی بەهێزتری ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانی نایاسایی دەرمان و کۆچی نایاساییان کردووە.

سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا وتی " هەلومەرجی بێوێنە هەن بۆ دەستپێکردنی سیاسەتێکی نوێی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە کیشوەرەکەماندا."

لۆپێز ئۆبرادۆر لە ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکو ڕۆژی چوارشەمە میوانداری سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ دەکات، ئەمەش یەکەمین جارە لە دوای کۆتایی ساڵی 2021 ەوە سێ سەرۆکەکە کۆدەبنەوە.

گفتوگۆکان بۆ هاوبەشییەکی نزیکتر لە نێوان سێ وڵاتەکەدا لە کاتێکدایە کە ناکۆکییەکان سەبارەت بە سیاسەتە نەتەوەپەرستەکانی ئۆبرادۆر لەسەر وزە هێشتا ماونەتەوە، کە بووە هۆی ئەوەی لە مانگی حەوتدا ئەمەریکا و کەنەدا سکاڵایەکی فەڕمی بازرگانی تۆمار بکەن.

لۆپێز ئۆبرادۆر وتی ڕێککەوتنێکی بازرگانی ئامڕازێکی بەهادار دەبێت، بەڵام گەشەیەکی بەردەوام هەیە لە بەندەرەکانی مەکسیک لەسەر دەریای پاسێفیک کە لە ئاسیاوە شتومەکییان بۆ دێت، ئاماژەی بەوەدا وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامن لە پشت بەستن بە بەرهەمە پیشەسازییەکانی ئاسیا.

ئۆبرادۆر لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک بایدن وتی " ناتوانین ئەوە بەرهەم بهێنین کە بەکاری دەهێنین؟ بێگومان دەتوانین، پێویستی بە ناساندنێک و پلانێکی هاوبەش هەیە بۆ پەرەسەندنمان لە داهاتوودا."

دوو سەرۆکەکە جەختیان لە پابەندبوونی خۆشیان کردەوە بۆ بەکارهێنانی " سیاسەتێکی داهێنەرانە " بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی، ئەوەش دوای ئەوەی لەمدواییانەدا بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن سیاسەتێکی ڕاگەیاند بۆ ڕەوانەکردنەوەی کۆچبەرەکانی هایتی و کوبا و نیکاراگوا بۆ مەکسیک، ئەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنوورەکە دەپەڕنەوە.

مەکسک داوای لە ئەمەریکا کرد لە ڕووی داراییەوە یارمەتی ئەمەریکای ناوەڕاست و مەکسیک بدات بۆ پەرەدان بە گەشەسەندنەکان و ڕێگریکردن لە کۆچکردن لە هەژارترین ناوچەکانی نیوە گۆی زەوییەوە بۆ ئەمەریکا، هەروەها داوای کرد ئەمەریکا ئاسانکاری بکات بۆ کۆچبەران لە بە دەستهێنانی کاردا لە ئەمەریکا.

کۆشکی سپی وتی دوو سەرۆکەکە باسیان لە هاریکاری زیاتری نێوانیان کردووە بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە بازرگانی بە دەرمانەوە دەکەن و ڕێگە نەدەن ئەو پێویستیانە دابین بکرێت کە پێویستن بۆ دروستکردنی فینتانیڵ.

دوو سەرچاوەی مەکسیک کە نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکەن بە ڕۆیتەرزییان وت پلانەکە لە بنەڕەتدا بریتی دەبێت لەوەی مەکسیک بڕی ئەو فینتانیڵە کەم بکاتەوە کە بە شێوەی قاچاخ لە مەکسیکەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئەمەریکا، لە بەرامبەر ئەوەشدا ئەمەریکا ڕێگری بکات لە گواستنەوەی ئەو چەکانەی کە بە شێوەی قاچاخ لە ئەمەریکاوە دەگوازرێنەوە بۆ مەکسیک.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG