Accessibility links

سەرۆک بایدن لە ژێر فشاردایە سەبارەت بە کەمکردنەوەی یاساکانی پەنابەرێتی لە ئەمەریکا


شارە سنوورییەکانی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆتایی هاتنی یاسای تایتڵ 42، ئیگڵ پاس
شارە سنوورییەکانی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆتایی هاتنی یاسای تایتڵ 42، ئیگڵ پاس

یاسادانەرانی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمەریکا فشارییان کردە سەر سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لێشاوێکی دیکەی پێشبینیکراوی پەناخوازاندا لە سنووری باشووری ئەمەریکا، لە کاتێکدا کە لەم هەفتەیەدا کۆتوبەندەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتاییان دێت.

شارە سنوورییەکانی ئەمەریکا خۆیان بۆ لێشاوێکی نوێی پەنابەران ئامادە دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی دادوەرێکی ئەمەریکا لە مانگی یانزەدا هەوڵیدا سیاسەتێک هەڵبوەشێنێتەوە کە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2020 دا پەیڕەوی دەکرد و تیایدا ڕێگەی بە بەرپرسانی کۆچ دەدا دەستبەجێ پەناخوازان ڕەوانەی مەکسیک و وڵاتانی دیکە بکەنەوە.

سیاسەتەکە کە بە تایتڵ 42 ناسراوە، ماوەکەی لە 21 ی مانگی دوانزەدا بەسەر دەچێت، هەزاران پەناخوازیش لەسەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک ڕیزییان گرتووە، ئەمەش پێش سووککردنی کۆتوبەندەکان.

ڕۆژی شەممە شاری سنووریی ئێل پاسۆی ڕۆژئاوای تەکساس باری نائاسایی ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی سەدان کۆچبەر لەسەر شەقامەکان دەخەون و ڕۆژانەش هەزاران کەس دەستبەسەر دەکرێن.

تۆنی گۆنزالێسی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە نوێنەرایەتی تەکساس دەکات و سەر بە کۆمارییەکانە، بە کەناڵی سی بی ئێسی وت " بارودۆخێکی زۆر بە ئازارە."

گۆنزالێس داوای لە سەرۆک بایدن کرد سیاسەتەکانی پێشتر زیندوو بکاتەوە و بە خێرایی پێداچوونەوە بە یاساکانی پەنابەرێتیدا بکات و ڕەوانەکردنەوەی پەناخوازان خێراتر بکات.

ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە بە هەمان شێوە نوێنەرایەتی تەکساس دەکات، هێنری کویلاری دیموکرات داوای لە بایدن کرد سیاسەتێک چالاک بکات کە تیایدا داوا لە پەناخوازان بکات تەنها لە خاڵە سنوورییە فەڕمییەکانەوە داوای مافی پەنابەرێتی بکەن.

کویلار وتی " ئینجا ئەگەر ئەوەیان نەکرد ئەوا پێویستە ڕەوانە بکرێنەوە."

کۆمارییەکان داوای یاسای توندتری کۆچییان کردووە.

دوای ئەوەی لە مانگی یانزەدا زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایان بردەوە، هەندێک لە یاسادانەرانی کۆمارییەکان داوای دوورخستنەوەی وەزیری ئاسایشی ناوخۆ ئالیخاندرۆ مایۆرکاس دەکەن و وەکو شکستێکی سیاسەتی سنوور دەیبینن.

فەرمانڕەوای تەکساس گرێگ ئابۆت کە هەمیشە داوای یاسای توندتری کردووە بۆ سەر سنووری وڵاتەکە، بە کەناڵی ئەی بی سی وت کۆتایی هاتنی تایتڵ 42 " ئاژەوەیەکی گەورە " بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

لە کاتێکدا کە گۆنزالێسی یاسادانەری کۆماری وتوویەتی ئەمەریکا ڕووبەڕووی " زریانی کۆچبەران دەبێتەوە "، بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن ئەو مشتومڕانەی ڕەت کردۆتەوە کە گوایە کۆتایی هێنان بە تایتڵ 42 وەکو ئەوە وایە سنوورەکانی ئەمەریکا بە ڕووی کۆچی نایاساییدا بکرێنەوە.

یاریدەدەرێکی کۆشکی سپی کیشا لانس وتی " ئەمانە ئەو کەسانە نین کە هەوڵی ئەوە بدەن بە شێوەیەکی نایاسایی سنوورەکە تێپەڕێنن. ئەمانە ئەو کەسانەن کە خۆیان پیشان دەدەن، داوا دەکەن بەپێی یاساکانی ئەمەریکا پڕۆسە بکرێن."

بەڵام هێشتا فشارەکانی سەر سەرۆک بایدن لە زیادبووندان، تەنانەت لە نێو پارتەکەی خۆشیدا. سیناتۆری دیموکراتەکان جۆو مانچین داوای لە بایدن کردووە یاسای تایتڵ 42 درێژ بکاتەوە.

وتی " سەرۆک دەبێت ڕێگایەک بدۆزێتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG