ڕۆژی جەژنی یادکردنەوەی ئەمەریکا (memorial day) بە گشتی ڕۆژی ماتەمینی و یادکردنەوەی ئەو سەربازانەیە کە گیانیان لە پێناو وڵاتەکەدا بەختکردووە، بەڵام چوون ڕۆژەکە دەکەوێتە دەستپێکی وەرزی هاوین و پشوویەکی درێژیی کۆتایی هەفتەیە، خەڵک لەو ڕۆژەدا دەستدەکەن بە بازاڕیکردن و بازاڕەکانیش داشکاندن لەسەر زۆربەی کاڵاکانیان دادەنێن و هەروەها خێزانەکان لەدەوری یەکتر کۆدەبنەوە و زۆربەیان دەست دەکەن بە گوشت برژاندن و کات بەسەربردن.
بەڵام بۆ کەسانێکی وەکو مانوێل کاستانیدا جونیەر و ئەوانەی کە ئەندامانی خێزانەکانیان لە شەڕدا لەدەستداوە، ڕۆژەکە زۆر تایبەتە. لە ساڵی 1966 دا کاستانیدا لە ڕووداوێکدا لە کالیفۆرنیا باوکی لە دەستدا، کاتێک کە باوکی مەشقی بە سەربازەکانی دیکە دەکرد.
کاستانیدا ساڵی ڕابردوو لە گفتوگۆیەکدا سەبارەت بە ڕۆژی یادکردنەوە بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت " ئەم ڕۆژە تەنها بۆ شتە تایبەتەکان نیە، تەنها بۆ گۆشت برژاندن نییە."
کاستانیدا سەرەڕای ئەوەئ کە خۆی خزمەتی سەربازییشی کردووە و باوکیشی لەدەستداوە، لە سەربازیش پیاوێکی ناسیوە کە لە شەڕدا گیانی لەدەستداوە. بەڵام هەوڵ دەدات بڕیار نەدات لەسەر ئەوانی دیکە کە پشووەکە بە شێوەیەکی جیاوازتر دەبەنەسەر. وتی " چۆن دەتوانم پێشبینی ئەوەیان لێبکەم لە قووڵایی هەستی من تێبگەن لە کاتێکدا کە ئەوان هیچ شتێکی لەوشێوەیەیان بەسەردا نەهاتووە؟"
1- ڕۆژی یادکردنەوە بۆچی ئاهەنگی بۆ دەگێردرێت؟
بەپێی دەزگای توێژینەوەی کۆنگرێس، ڕۆژی جەژنی یادکردنەوە ڕۆژێکە بۆ یادکردنەوەی ئەو سەربازانەی کە لە سوپای ئەمەریکادا خزمەتییان کردووە و گیانییان لە دەستداوە. پشووەکە بەشێکی لەلایەن ساتێکی یادکردنەوەی نیشتیمانییەوە چاودێری دەکرێت کە داوا لە سەرجەم ئەمەریکاییەکان دەکات لە کاتژمێر 3:00 دوانیوەڕۆدا ساتێک بە بێدەنگی بوەستن.
2- سەرچاوە ڕاستییەکانی جەژنی یادکردنەوە چین؟
پشووەکە لە شەڕی ناوخۆی ئەمەریکاوە سەرچاوەی گرتووە لە ساڵانی نێوان 1861-1865، کە لەو شەڕەدا زیاتر لە 600,000 سەرباز گیانیان لە دەستدا، لە هەردوو لایەنی شەڕەکە، یەکێتییەکان و کۆنفیدڕاڵییەکان.
مشتومڕێکی کەم هەیە لەسەر یەکەم ڕێوڕەسمی نیشتمانی کە ئەوکاتە پێی دەوترا جەژنی ڕازاندنەوە. لە 30 ی مانگی پێنجی ساڵی 1868 دا بەڕێوەچوو. ئەوەش دوای ئەوەی ڕێکخراوێکی سەربازە دێرینەکانی یەکێتییەکان داوای ڕازاندنەوەی گۆڕەکانی جەنگییان کرد بە گوڵ.
ئەو کارە پێشتر لە ئاستی ناوخۆییدا بەربڵاو بوو. واتەرلو لە ویلایەتی نیویۆرک لە 5 ی مانگی پێنجی ساڵی 1866 دا دەستی بە ڕێوڕەسمێکی فەڕمی کرد و دواتر وەک شوێنی لەدایکبوونی جەژنەکە ڕاگەیەندرا.
بەڵام بەپێی کتێبخانەی کۆنگرێس، بۆوالسبێرگ لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، یەکەم ڕێوڕەسمی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 10 ی ساڵی 1864. هەروەها ژنانیش لە هەندێک لە ویلایەتەکانی کۆنفیدڕاڵییەکان پێش کۆتایی هاتنی شەڕەکە گۆڕەکانیان دەڕازاندەوە.
دەیڤد بلایتی پڕۆفیسۆری مێژوو لە زانکۆی یەیڵ، ئاماژە بە 1 ی مانگی پێنجی ساڵی 1865 دەکات کاتێک نزیکەی 10,000 کەس کە زۆربەیان ڕەشپێست بوون، ڕێوڕەسمێکییان سازکرد و گوێبیستی وتارەکان بوون و خۆیان بۆ گۆڕی مردووەکانی یەکێتییەکان لە شاری چارڵستنی ویلایەتی ساوث کارۆلاینا تەرخان کرد.
لە زیندانێکی کۆنفیدڕاڵییەکاندا 267 سەربازی یەکێتییەکان مردن و دواتر لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا نێژران. دوای جەنگەکە، ئەندامانی کڵێساکانی ڕەشپێستەکان لە گۆڕی تاکەکەسیدا ناشتیانن.
بڵایت لە ساڵی 2011 دا بە ئەسۆشیەتد پرێسی وت " ئەوەی لە چاڕڵستن ڕوویدا مافی ئەوەی هەیە بانگەشەی ئەوە بکات کە یەکەم بووە، ئەگەر ئەوە گرنگ بێت."
لە ساڵی 2021 دا، لیوایەکی خانەنشینکراوی سوپای ئەمەریکا لە وتارێکیدا لە جەژنی یادکردنەوەدا لە شاری هەدسنی ویلایەتی ئۆهایۆ، باسی لەو چیرۆکە کرد. ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمەکە مایکرۆفۆنەکەیان کوژاندەوە، چونکە دەیانوت چیرۆکەکە پەیوەندی بە سەربازە دێرینەکانی شارەکەوە نییە. دواتر ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمەکە دەستیان لەکارکێشایەوە.
3- ئایا جەژنی یادکردنەوە هەمیشە سەرچاوەیەکی ململانێ بووە؟
هەمیشە کەسێک هەبووە ڕاستیی ڕۆژەکەی بۆ مەبەستێکی دیکە گۆڕیوە.
لە ساڵی 1869 دا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز نوسیویەتی جەژنەکە دەکرێت ببێت بە " سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان " و چیتر " پیرۆز " نەبێت ئەگەر زیاتر سەنگ بخرێتە سەر خۆبەزلزانین و ئێوارەخوان و وتاربێژی.
لە ساڵی 1871 دا، فرێدریک دۆگلاسی هەڵوەشێنەرەوە لە وتارێکیدا لە جەژنی ڕازاندنەوەدا لە گۆڕستانی نیشتیمانی ئارلینگتن باسی لەوە کرد ترسی ئەوەی هەبووە کە ئەمەریکاییەکان پاڵنەرەکانی شەڕی ناوخۆ لەبیر بکەن، لەوانەش کۆیلەکردن.
بێن ڕایلتۆنی پڕۆفیسۆر لە بواری توێژینەوەکانی ئینگلیزی و ئەمەریکاییدا لە زانکۆی ویلایەتی فیچبێرگ لە ویلایەتی ماساچوستس لە ساڵی 2023 دا بە ئەسۆشیەتد پرێسی وت نیگەرانییەکانی دۆگلاس بنەمایەکی باشیان هەبووە. هەرچەندە نزیکەی 180,00 پیاوی ڕەشپێست لە سوپای یەکێتیدا خزمەتییان کردووە، بەڵام لە بنەڕەتدا جەژنەکە لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا دەبێتە " جەژنی یادکردنەوەی سپی پێستەکان، " بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی جیم کرۆو ساوث.
4- جەژنی یادکردنەوە چۆن گۆڕاوە؟
ماثیو دینیسی پڕۆفیسۆری مێژوو لە زانکۆی ئۆریگن دەڵێت هێزی جەژنی یادکردنەوە تا ڕادەیەک لەگەڵ زیادکردنی جەژنی ئاگربەستدا کەمیکردووە، کە کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەمە لە 11 ی مانگی یانزەی ساڵی 1918 دا. جەژنی ئاگربەست تاوەکو ساڵی 1938 بووە پشووی نیشتمانی و لە ساڵی 1954 ناوی گۆڕدرا بۆ جەژنی سەربازە دێرینەکان.
لە ساڵی 1971 دا یاسایەکی کۆنگرێس جەژنی یادکردنەوەی لە هەموو 30 مانگێکی پێنجەوە گۆڕی بۆ دوایین دووشەممەی مانگی پێنج. دێنیس وتی دروستکردنی کۆتایی هەفتەی سێ ڕۆژە دان بەوەدا دەنێت کە جەژنی یادکردنەوە لە مێژە گۆڕاوە بۆ یادکردنەوەیەکی گشتیتر بۆ مردووەکان، هەروەها ڕۆژێک بۆ کات بەسەربردن.
لە ساڵی 1972 دا گۆڤاری مەگەزین وتی جەژنەکە بووەتە " کۆبوونەوەیەکی نافەڕمی سێ ڕۆژەیی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا کە وادیارە زۆربەی مەبەستە ڕاستەقینەکەی خۆی لە دەستدابێت."
5- بۆچی جەژنی یادکردنەوە بەستراوەتەوە بە کڕین و گەشت کردنەوە؟
دینیس وتی تەنانەت لە سەدەی نۆزدەشدا، دوای ڕێوڕەسمەکانی سەر گۆڕەکان چالاکییەکانی کات بەسەر بردن بەڕێوەدەچوون، لەوانەش سەیران کردن و پێشبڕکێی ڕاکردن.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستدا، ژمارەیەکی کەم لە کارەکان دەستییان کرد بە کردنەوەی دوکانەکانییان لە پشووەکەدا، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو کارە ڕێگەپێدراو نەبووە.
نوسەران ڕیچارد هارمۆند و تۆماس کوران نوسیویانە هەر کە پشووەکە کەوتە ڕۆژی دووشەممەوە، " کۆسپە نەریتەکانی دژ بە کارکردن لەو ڕۆژەدا بەرەو نەمان چوون."
لە ئێستادا، بازاڕکردن و گەشتکردن لە سەرانسەری وڵاتەکدا شتێکی زۆر باون.
جەیسن ڕێدمان کە سەربازێکی نەیڤی سیڵی خانەنشینکراوە کە لە عێراق و ئەفغانستان شەڕی کردووە، ساڵی ڕابردوو بە ئەسۆشیەتد پرێسی وت یادی هاوڕێکانی کە لە دەستی داون بەرز ڕادەگرێت. سی ناوی لەسەر قۆڵی تاتوو کردووە بۆ " هەموو ئەو کەسانەی کە ناسیونی و مردوون."
دەیەوێت ئەمەریکاییەکان یادی سەربازە مردووەکان بکەنەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کاتێکی خۆش بەسەرببەن، بزانن کە خەڵکانێک خۆیان کردووەتە قوربانی بۆ دروستکردنی ئەم جەژنە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا