Accessibility links

مەکگورک: شەڕی دژی داعش چڕتر و خێراتر کراوە

  • VOA News

نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دەڵێت لە مانگی سێیەوە شەڕی دژی داعش چڕتر و خێراتر کراوە، ئەمەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک ئەمەریکا.

برێت مەکگورک ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆنگرەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە واشنتن ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی" کاتێک مانگی سێی وەزیرانی وڵاتانی ئەندام لەم هۆڵە کۆبوونەوە، ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کرد سەرۆک ترامپ داوای لە هەموومان کردووە هەڵمەتی دژی داعش چڕتر و خێراتر بکەین، بۆیە لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوو بە تەواوی ئەوە ئەنجام درا.

پاشان باسی لە ڕزگارکردنی شاری موسڵ کرد و بەو بۆنەیەوە پـیرۆزبایی لە عێراق کرد.

گوتیشی وەک سەرۆک ترامپ بە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراقی گوت ڕزگارکردنی موسڵ خاڵێـکی وەرچەرخانە لە شەڕی دژی داعش، بەڵام کۆتایی شەڕەکە نیـیە.

باسی لەوەش کرد ئەمەریکا مەشق و ڕاهێنانی بە نزیکەی 100 هەزار ئەندامی هێزەکانی عێراق کردووە و ئەو هێزانەی لەو ئەندامانە پـێکهاتوون لە هەموو شەڕێـکدا شکستیان بە داعش هێناوە.

مەکگورک گوتیشی "ساڵێـک لەمەوبەر کۆبووینەوە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەڵمەتی ڕزگارکردنی موسڵ، بۆیە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق پـلانمان دانا بۆ دابینکردنی شوێن و پـێداویستی بۆ یەک ملیۆن ئاوارە. ئەمڕۆ و لە میانەی هەڵمەتەکە 970 هەزار ئاوارە یارمەتیـیەکانیان بەدەست گەیشت."

ئێستاش ئەمەریکا سەنگی دەخاتە سەر پـێداویستیە بە پەلەکان، لەوانە دەستبەکاربوونەوەی پـۆلیس و دابینکردنی خزمەتگوزاریـیەکان و هەڵگرتنەوەی بۆمبە چێنراوەکان.

برێت مەکگورک باسیشی لە گەورەیی هاوپەیمانێتیـیەکە کرد و گوتی لە 72 ئەندام پـێکهاتووە، ئەوانیش 68 وڵات و 4 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کە بریتین لە یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەب و پـۆلیسی نێودەوڵەتی (ئنتەرپوڵ) و ناتۆ.

نێردراوی سەرۆکایەتی ئەمەریکا داوایەکی وڵاتەکەی ئاڕاستەی ئەندامەکان کرد و گوتی پـێویستە هەموو ئەندامێـک بوارێـکی نوێ بۆخۆی دەسـتنیشان بکات تاوەکو بەوە بەشداری بکات. گوتی ئەمەریکا 25% ی یارمەتیـیە دارایـیەکانی هاوپەیمانێتیـیەکە دابیندەکات و دەبێت بەشەکەی دیکەی پارەکە ئەندامەکانی دیکە دابینی بکەن.

هەروەها گوتی ئەمەریکا ئەمڕۆ 119 ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتی مرۆیی پـێشکەش دەکات. هیوای خواست ئەندامەکانی دیکەش لەمەدا بەشداربن.

برێت مەکگورک لە بەشێـکی وتارەکەی باسی لە شەڕی داعش لە سوریا کرد و گوتی لەوێ جیاوازە، چونکە حکومەتێـکی دۆست نیـیە تاوەکو مامەڵی لەگەڵدا بکەن.

گوتی باش ڕزگارکردنی ڕەققە ئەنجومەنێـکی سیڤیلی 120 ئەندامی کە زۆربەیان پێشتر لە سوریا بوون و لەتاو داعش شارەکەیان جێهێشتبوو، ڕەققە بەڕێوەدەبەن و ئەمەریکاش پشـتیوانیان لێدەکات. گوتیشی لە مانگی پـێنجی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە ڕەققە دەکرێت بۆ پـێکهێنانی ئەنجومەنێـکی نوێ.

پاشان نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش باسی لە هەوڵەکانیان لەسەر ئاستی تەواوی جیهان کرد و گوتی کاردەکەن بۆ نەهێشتنی هەموو کۆمەکە دارایـیەکانی داعش و ڕاگرتنی پرۆپاگەندەکانی و لەگەڵیدا کار بۆ ئاشکراکردنی شانە نووستووەکانیان دەکەن و ئەوانەشی هەوڵی فریودانی خەڵکی دەدەن. گوتیشی لیستێـکیان بە ناوی ئەندامانی داعش دروستکردووە کە لە نزیکەی 18 هەزار ناو پـێکهاتووە.

XS
SM
MD
LG