Accessibility links

دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا هاوسەری هێرشبەری سەر یانەکەی ئۆرلاندۆ دەسـتگیردەکات


هێزەکانی ئاسایشی ئەمەریکا هاوسەری هێرشبەری سەر یانە شەوانەکەی ئۆرلاندۆی ویلایەتی فلۆریدایان دەسـتگیرکرد، ئەوەی لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو بووە مایەی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس.

پـرێنتس دانەر گوتەبێژی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI گوتی نور سەلمان هاوسەری عومەر مەتین ڕۆژی دووشەممە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ڕۆدیۆی کالیفۆرنیا دەسـتگیرکرا، بەڵام هۆکاری دەسـتگیرکردنەکەی ئاشکرا نەکرد.

بەپـێی میدیاکانی ئەمەریکا نور کە بە ڕەچەڵەک فەڵەستینیـیە، ڕەنگە پـێشتر ئاگاداربووبێت عومەر مەتین بە نیازی ئەنجامدانی هێرشەکە بووبێت، بەڵام نور پـێشتر بە لێکۆڵەرەوانی گوتووە هیچ زانیاریـیەکی لە بارەی هێرشەکەوە نەبووە. گوتوشیەتی مامەڵەشی لەگەڵ باش نەبووە و چەندان جار لێداوە.

کاربەدەستێـک بە ڕۆژنامەی واشنتن پـۆستی گوتووە نور بە لایەنی کەم جارێـک لەگەڵ عومەر بۆ یانە شەوانەیەکە چووە بەر لە ئەنجامدانی هێرشەکە. هەروەها لەگەڵیشدا بووە کاتێـک عومەر فیشەکی بۆ چەکەکانی کڕیبوو.

جێی ئاماژەیە شەوی 12 ی مانگی شەشی ساڵی 2016 عومەر مەتین کە لە بە ڕەچەڵەک ئەفغانیـیە، بە چەکەوە هێرشی کردە سەر یانەیەکی شەوانەی هاوڕەگەزبازەکان لە شاری ئۆرلاندۆی فلۆریدا و لە ئاکامدا 49 کەس کوژران و 53 کەسی دیکە برینداربوون، پاشان بە گولـلەی پـۆلیس کوژرا. بەپـێی لێکۆڵینەوەکان لە ڕێگەی ئنتەرنێتەوە بیروباوەڕی توندڕەوی لا دروستبووبوو.

XS
SM
MD
LG