Accessibility links

جەنەڕاڵێکی ئەمەریکایی دەڵێت ئۆکرانیا نابێت چەکی ئێمە لە ناو ڕووسیادا بەکاربهێنێت


جەنەڕاڵ مارک میڵی
جەنەڕاڵ مارک میڵی

جەنەڕاڵێکی باڵای ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا دەمێکەیە داوای لە ئۆکرانیا کردووە ئەو چەکانەی کە ئەمەریکا دەیداتێ لە هێرشەکانیدا بۆ ناو ڕووسیا بەکارییان نەهێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە گروپێکی چەکداری لایەنگری ئۆکرانیا ئوتومبێلی زریپۆشی ئەمەریکییان بەکارهێناوە.

جەنەڕاڵ مارک میڵی سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا وتی ئۆفیسەکەی بەدواداچوون بۆ وێنە و ڤیدیۆی ئەو ئوتومبێل و کەلوپەلە سەربازییانە دەکات کە ڕۆژی دووشەممە لە هێرشێکی گروپێکی چەکداریدا دژی هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسی بەکارهێندراون.

میڵی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی " ناتوانم لە ئێستادا و لەم ساتەدا بە دڵنیاییەوە پێتان بڵێم ئەو ڤیدیۆیەی کە منیش بینیومە کەلوپەلی ئەمەریکیییە یاخود نا، یاخود سروشتی هێرشەکە چۆن بووە و کێ چی کردووە و دژی کێش ئەنجام دراوە."

وتی "ناتوانم لە ئێستادا و لەم ساتەدا بە دڵنیاییەوە پێتان بڵێم، بەڵام دەتوانم بڵێم کە ئێمە داوامان لە ئۆکرانیاییەکان کردووە چەکی ئەمەریکا بەکارنەهێنن بۆ ئەنجامدانی هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ ناو ڕووسیا."

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هەندێک لە ئوتومبێلی سەربازیی دروستکراوی ئەمەریکا تێکشکێندراو دەبیندرێن. ڕۆیتەرز دەڵێت توانیویەتی شوێنی ئوتومبێلە تێکشکێندراوەکان پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام نەیتوانیوە ئەو کاتە پشتڕاست بکاتەوە کە گرتە ڤیدیۆییەکەی تیادا گیراوە.

حکومەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاندوە دەستی نەبووە لە هێرشەکەی سەر هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسیادا و دوو گروپی چەکداری دژە کرێملن بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕاگەیاند وە کە لە هاوڵاتیانی ڕووسیا پێکهاتوون.

ئۆکرانیا لە ڕابردوودا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو چەکە مەودا دوورانەی کە لەلایەن ئەمەریکاوە پێیدراوە بەکارییان ناهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ڕووسیا و تەنها ئەو هێزە ڕووسییانە دەکاتە ئامانج کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیادان.

میڵی وتی ئامانج لە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا دوابەدوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا، دڵنیابوونەوەیە لە توانای ئۆکرانیا بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی هێزەکانی ڕووسیا لە ناو ئۆکرانیادا.

گوتیشی "ئەمە جەنگێکی ئۆکرانیایە، جەنگی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا نیە. جەنگی نێوان ناتۆ و ڕووسیا نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG