Accessibility links

پۆڵ مانەفۆرت خۆی رادەستی ئێف بی ئای دەکات

  • VOA News

میدیاکان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێن "پۆڵ مانەفۆرت" کە بۆ ماوەیەکی کەم بەڕێوبەری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک دانۆڵد ترامپ بووە، داوای لێکراوە ئەمڕۆ دووشەممە خۆی ڕادەستی دەسەڵاتداران بکات وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەی تایبەت لەسەر دەستێوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی سەرۆکایەتی ئەمریکادا.

دەستەیەکی سوێندخۆرانی فێدراڵی رۆژی هەینی ئەو گوناهبارکردنانەی پەسەندکرد پاش لێکۆڵینەوەی لیژنە تایبەتەکەی ڕۆبێرت موڵەر، هەر هەمان ڕۆژ میدیا سەرەکییەکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە ئەم تاوانبارکردنە ڕۆژی دووشەممە کە ئەمڕۆیە ئاشکرا دەکرێت.

کەناڵی تەلەفزیۆنی سی ئێن ئێن و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێن مانەفۆرت کە بەرژەوەندییەکی زۆری هەبووە لە لۆبی کردندا لە ئۆکرانیا و هەروەهاش پەیوەندی هەبوون بە ڕوسیاوە داوای لێکراوە خۆی ڕادەستی دەسەڵاتداران بکات.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ مانەفۆرت ئەمڕۆ دووشەممە چۆتە ئۆفیسی دەزگای لێکۆڵینەوەی فێدراڵی واتە ئێف بی ئای لە واشنتنی پایتەخت.

ڕۆژنامەی نێویۆرک تایمز نوسیویە ڕیک گەیتس هاوکاری پێشووی کارداریی مانەفۆرتیش داوای لێکراوە ئەویش خۆی رادەستی دەسەڵاتداران بکات.

مانەفۆرت لە مانگی شەش تا مانگی هەشتی ساڵی 2016 بەڕێوبەری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک ترامپ بووە.

بێجگە لە لێکۆڵینەوەکانی موڵەر لەسەر ئەم دۆسێیە، چەند لێکۆڵینەوەیەکی تری کۆنگرێسی ئەمریکا هەن لەسەر دەستێوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و هەروەهاش شییانی هەبوونی پەیوەندی لە نێوان هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ترامپ و ڕوسیادا.

دەزگا موخابەراتییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرەتاکانی ئەمساڵی 2017 دا گەیشتنە ئەو بەرەنجامەی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو هەڵمەتەی کردووە بۆ بنکۆڵکردنی دیموکراسی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەروەهاش هاوکاری کردنی دانۆڵد ترامپ تا هەڵبژاردن بباتەوە.

XS
SM
MD
LG