Accessibility links

هێزەکانی هاوپەیمانان مەشقەکان بە هێزە عێراقییەکان ڕادەگرێت


کاربەدەستێکی باڵای هاوپەیمانێتی دژ بە داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند مەشقە سەربازییەکان بە هێزە عێراقییەکان ڕاگیراون بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

جێی ئاماژەیە لەم هەفتەیەدا هاوپەیمانێتیەکە ڕایگەیاند ژمارەی هێزەکانیان لە عێراق کەم دەکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی گروپەکانی سەر بە ئێران هێرشە موشەکیەکانیان بۆ سەرئەوبنکە سەربازییە عێراقییانە چڕتر کردۆتەوە کە هێزە بیانیەکانیان تێدایە.

بەرپرسانی هاوپەیمانێتی دژی داعش دەڵێن بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکان و دووبارە دابەشکردنەوەیان بەسەر بنکە عێراقییەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێستا هێزە عێراقییەکان نزیک بوونەتەوە لەوەی بتوانن ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببنەوە کە ڕێکخراوی داعش لەو وڵاتەدا دروستی کردوون.

لە مانگی یەکدا هێزەکانی هاوپەیمانان مەشقە سەربازییەکانیان بە هێزەکانی عێراق ڕاگرت دوای ئەوەی هێرشە موشەکیەکانی گروپەکانی سەر بە ئێران زیادیانکرد، ئەمەش لەکاتێکدا قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە بەغداد کوژرا.

بەرپرسێکی سەربازی هاوپەیمانێتیەکە کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ڕۆژنامەنووسانی وت " وابڕیاربوو مەشقەکان دەست پێبکەنەوە بەڵام ترس لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دووبارە ڕایگرتەوە."

بەرپرسەکە وتیشی هێزەکانی عێراق مەشقەکانیان ڕاگرتووە چونکە دەیانەوێت خۆیان بەدووربگرن لە قەرەباڵغی.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستی عێراق وتی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا گەیشتۆتە 177 کەس و 12 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG