Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خۆشحاڵی دەردەبڕێت بەبۆنەی پـێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خۆشحاڵی دەربڕی لە بەرامبەر پـێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان و بەو بۆنەیەوە پـیرۆزبایی لە سەرۆک و سەرۆک وەزیری لوبنان کرد.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی بەو بۆنە مێژوویـیە پـیرۆزبایی لە سەرۆک میشل عۆن و سەرۆک وەزیر سەعەد ئەلحەریری دەکەین.

دەستخۆشی لە ڕێبەرانی لوبنان کرد کە توانیویانە زاڵبن بەسەر کۆسپە سیاسیـیەکانی نێوانیان و حکومەتەکە پـێکبهێنن. هیواشی خواست ئەمەریکا هاوکاری زیاتری لەگەڵ حکومەتی نوێدا هەبێت بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوە بەنیازە سەردانی لوبنان بکات.

بەڵام هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر پـێدانی پـۆستی وەزیری تەندروستی بە کەسێکی سەر بە حزبوڵڵا. داواشی لە حکومەتی نوێ کرد سەرچاوە و خزمەتگوزاریـیەکانی ئەو وەزارەتانە بۆ بەرژەوەندی حزبوڵڵا بەکارنەهێنرێن.

وەزارەتەکە لە درێژەی بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی چاوەڕوانین هەموو لایەنەکانی نێو حکومەتی نوێ پابەندی هەردوو بڕیاری 1559 و 1701 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بن کە پەیوەستن بە لوبنانەوە.

بەپـێی بڕیاری 1559 کە لە ساڵی 2004 دەرچووە نابێت هیچ هێزێکی بیانی لە سوریادابێت. بڕیاری 1701 کە لە ساڵی 2006 پەسەندکرا، کۆتایی هێنا بە شەڕی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات.

دوێنێ پـێنجشەممە لوبنانیـیەکان لەسەر حکومەتی نوێ ڕێکەوتن کە لە 30 وەزیر پـێکهاتووە. جەمیل سوبحی جەبق پـۆستی وەزیری تەندروستی گرتووەتەدەست، ناوبراو پـزیشکی تایبەتی حەسەن نەسروڵڵای ڕێبەری حزبوڵڵایە.

XS
SM
MD
LG