Accessibility links

سیناتۆرێکی گەورەی ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ڕادەگەیەنێت


ڕێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پشـتیوانی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی ڕاگەیاند و داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات ڕێز لە ئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمە بگرن کە ڕۆژی دووشەممە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان ئەنجام درا و دەنگی بەڵێ بە ڕێژەی نزیکەی 93% سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

سیناتۆر چەک شومەر ڕۆژی چوارشەممە لە پاش دەرچوونی ئەنجامی ڕایفراندۆمەکە بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی ڕۆژی دووشەممە دەنگدانێکی مێژوویی لە کوردستانی عێراق سازکرا و دەبێت جیهان ڕێز لە ئەنجامەکەی بگرێت و دانی‌پیادبنێت.

دەشڵێت ئەوپەڕی پشتیوانی لە کوردی باکوری عێراق دەکات و لەو باوەڕەدایە کە پـێویستە کوردەکان لە زووترین کات وڵاتێکی سەربەخۆی خۆیان هەبێت و دەبێت هەڵوێستی حکومەتی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردنی پـرۆسەیەکی سیاسی بێت بۆ بەدیهێنانی خواستی کوردەکان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

پاشان چەک شومەر لە درێژەی بەیانـنامەکەیدا دەشڵێت بە درێژایی 20 ساڵی ڕابردوو کوردەکان یەکێکبوون لە بەهێزترین و باشترین پشتیوانی ئەمەریکا لە شەڕی دژی تێرۆرزم و چەندان جار پشتیان بە پـێشمەرگە ‌بەستووە، وە کورد داکۆکی لە مافی کەمایەتیـیەکان کردووە.

سیناتۆر شومەر جارێکی دیکە جەختی لەوە کرد کە دەبێت وڵاتەکەی لە پاڵ کورددا بێت بۆ سەربەخۆیی و گوتی پـێوستە ئەمەریکا لە پاڵ هاوبەشە هەرە بەهێزەکانی خۆی بوەستێت لە دەستنیشانکردنی چارەنووسـیان. دەشڵێت کورد گەورەترین نەتەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە وڵاتێکیان نیـیە و لە مێژەوە لەو پـێناوەدا شەڕیان کردووە. گوتیشی سەڕەڕای ئەوە بەردەوام مامەڵەی خراپ کراون و پـێیان دەگوترێت چاوەڕێ بکەن بۆ سبەینێ، بۆیە جیهانی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا قەرزاریانە و دەبێت دەستبەجێ پاڵپشتی پـرۆسەیەکی سیاسی بکات بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی کورد.

پاشان نووسیویەتی" هیوادارم لەم مانگانەی داهاتوو هەموو عێراقیـیەکان وتووێژبکەن و بە شێوەیەکی ئاشتیانە بڕیار لەسەر باشترین ڕێگەبدەن بۆ بەدیهێنانی ئەو خواستە شەرعیـیەی کە شایستەی کوردەکانی عێراقە. بەردەوامبوونی هاوکاری ئاسایشی نێوان هێزەکانی ئاسایشی کورد و عێراق ـ بە تایبەتی لە مەسەلەی تێرۆرزمدا ـ شتێکی سەرەکیـیە لە هەر گۆڕانکاریـیەک لەسەری ڕێکبکەون.

سیناتۆر شومەر ڕێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی کۆنگرێسی ئەمەریکا، لە کۆتایی بەیانـنامەکەی دەڵێت "وڵاتانی دراوسێی عێراق ئەوانەی زۆرداران ڕابەرایەتیان دەکەن و هەموویان لە دژی دەوڵەتی کوردین، چونکە جێی هەڕەشە دەبێت بۆ سەر پـێگە و بەرژەوەندیـیە تایبەتەکانیان، پـێویستە ڕێزبگرن لە خواستی کورد و عێراقیـیەکان لە بڕیاردان لەسەر ئایندەی خۆیان."

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەم جارە سیناتۆرێکی باڵای ئەمەریکا بەم شێوەیە پشتیوانی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە بەیانـنامەیەکدا ڕابگەیەنێت.

لە لایەکی دیکە سیناتۆری کۆماری بۆب کۆرکەر کە سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتە، ئەویش لە لێدوانێـکیدا بۆ کەناڵی ئەلحوڕڕە گوتویەتی گەلی کورد دۆستن و ڕێبەرانی زۆر باش دەناسێت، بەڵام بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە نائومێد بووە و مەترسی لە ئاکامەکەی هەیە. پاشان لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کەی ئەو دەوڵەتی کوردیـیە دادەمەزرێت، گوتویەتی مەزەندە دەکات 2019 – 2020 ببێت.

XS
SM
MD
LG