Accessibility links

دەقی لێدوانەکانی سێشەممەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوێنێ سێشەممە لە میانەی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەیدا چەند پـرسیارێکی لێکرا لە بارەی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان و ئاکامەکانی، لەوانە بڕیاری بەغدا بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیـیە نێودەوڵەتیـیەکان بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی.

هێزەر ناوەرت جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە ئەمەریکا پشـتیوانی لەو ڕیفراندۆمە ناکات، بەڵکو پشتیوانی لە عێراقێکی یەکگرتووی دیموکرات دەکات. هەروەها خوازیارە هەولێر و بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگ و وتووێژ کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن.

ئەمەش دەقی پـرسیار و وەڵامەکان:

پـرسیار : ئێمە بەیانـنامەکەی ئێوەمان بینی، بەڵام ئایا هیچتان هەیە بیڵێن لە پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەیان؟ یان هەڵوێستێکتان هەبێت؟

خانم ناوەرت:

" ئەزانم ئەنجامی دەنگدانەکە هێشتا دەرنەچووە. ئاگادارین ڕێژەی بەشداری تیایدا دیارە بەرزە، بێگومان دەزانین بۆچی، جۆش و خرۆشێکی زۆر هەبوون. پـێموایە هەڵوێستی ئێمە، هەڵوێستی حکومەتی ئەمەریکا لە بەرامبەر ڕیفراندۆمی کوردی، ئەوەی لە یەکەم ڕۆژی هاتوومەتە ئێرەوە باسم کردووە، ئەویش ئەوەیە ئێمە پشتیوانیمان لەم ڕیفراندۆمە نەکرد. سەرەڕای هەوڵ و وتووێژە بەردەوامەکانمان لەگەڵ هەریەک لە بەڕێز بارزانی و بەڕێز عەبادی ـ وەزیری دەرەوە لەم ڕۆژانە بە تەلەفون قسەی لەگەڵ هەردووکیان کردبوو ـ نیگەرانی قوڵی خۆمان دەربڕی و هەروەها نائومێدیش بووین کە بڕیاریان دا ئەنجامی بدەن و دوێنێ ئەو دەنگدانەیان بۆ سازکرد. ئێمە وەها لێی دەڕوانین کە ڕیفراندۆمێکی یەک‌لایەنەیە و شتێکە هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانێتی دژی داعش ـ بڕوا ناکەم تاکە وڵاتێکیش پشـتیوانی لێ کردبێت."

پـرسیار:" ئەمڕۆ حکومەتی عێراق مۆڵەتی (3 ڕۆژ) ی دا بە هەرێمی کوردستان فڕۆکەخانەکانی دابخات، چونکە بەنیازن ئاسمانەکانیان دابخەن. هیچ لێدوانێکتان لەسەر ئەمە هەیە؟

خانم ناوەرت: " ئەو ڕاپـۆرتەمان بینیوە. ئاگادارم. شتێک کە ئێمە دەیکەین ئەوەیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بە شێوەیەکی بنیادنەرانە سەروسەودا لەگەڵ یەکتر بکەن. ئەگەر ئەمە ببێت، نابێتە نمونەیەکی باشی پـێکەوە مامەڵەکردن. ئێمە دەمانەوێت هەردوولا پـێکەوە دابنیشن و جۆرە وتووێژێک لە نێوانیان هەبێت کە بتوانن هەنگاو بەرەو پـێشەوە بنێن، بەڵام بە شێوەیەکی بنیادنەرانە."

پـرسیار: " لە لێدوانەکەتدا گوتت بەردەوام دەبن لە پەیوەندیـیە لەمێژینەیەکانتان لەگەڵ گەلی کورد. ئایا مەبەستت تەنها گەلی کوردە یان هەروەها حکومەتی کوردیش؟

خانم ناوەرت: " پـێموایە وتووێژەکانمان بەردەوام دەبن. بەردەوام دەبین لە وتووێژەکانمان لەگەڵ دۆستانمان لە بەغدا و هەروەهاش دۆستانمان لە باکور. وەکو هەمووتان دەزانن وتووێژێکی ئێجگار زۆرمان هەیە و پەیوەندیـیەکی پتەومان لەگەڵ هەردوولایان هەیە. حکومەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەم بارەیەوە و کاتی ئەم ڕیفراندۆمە نیگەرانن. ئێمە نەمانویستووە عێراق دابەشببێت. ئێمە سەیری پـرسە سەرەکیـیەکە دەکەین کە ئەویش داعش و شکستهێنان بە داعش و لە ناوبردنی داعشە، ئەمەش تاوەکو هەرگیز نەیەنەوە هەوڵی حوکمڕانی و تۆقاندنی خەڵکی عێراق بدەن. دەمانەوێت چاومان لەسەر ئەو تۆپە بێت. ئەگەر ئەمە شکستبهێنێت، ئەوا دەبێتە نیگەرانی ئێمە و زۆر نائومێدمان دەکات."

پـرسیار: بەلاتانەوە گرنگ نیـیە کە بە ڕوونی لایەنی بەغدا دەگرن ڕەنگە ببێتە مایەی ئەوەی بەغدا لە چارەسەرێکی مامناوەندی ساردبکاتەوە، یان کێشەکە زیاتر بکات؟

خانم ناوەرت: پـرسیارەکەت لە ڕوانگەی بۆچوونەکەت وەردەگرم. ئێمە وەهای نابینین لایەنی بەغدا بگرین. ئێمە پشتیوانی لە عێراقێکی یەکگرتووی دیموکرات دەکەین.

پـرسیار: بەڵام بە بەرهەڵستیکردنتان بۆ ڕیفراندۆمەکە مانای ئەوە نیـیە لایەنی عێراق دەگرن؟

خانم ناوەرت: " ئێمە پشـتیوانی لە عێراقێـکی یەکگرتووی دیموکرات دەکەین و دەمانەوێت هەموو لایەک چاویان لەسەر تۆپەکە بهێڵنەوە کە ئەویش لەناوبردنی داعشە.

پـرسیار: ئەی لە بارەی بڕیاری ئێران بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیـیەکان بەرەو کوردستان و لە کوردستانەوە، ئایا ئێوە ئەوە شەرمەزار دەکەن؟

خانم ناوەرت: " ئاگاداری ئەوە نیم، بۆیە داوای لێبوردن دەکەم، هیچم لەم بارەیەوە نیـیە پـێت بڵێم."

پـرسیار: وتت خوازیاریت وتووێژی بنیادکەرانە ببینیت. ئەی چی لە بارەی لێدوانەکانی سەرۆک ئەردۆغان دەڵێیت کە هەڕەشەی کردووە سنوورەکان دابخات و هەناردەی نەوت ڕابگرێت؟ گوتوویویەتی " کاتێک قفڵی نەوتەکانمان لێ گرتنەوە، ئەوا داهاتیان نامێنێت و خۆراکیان دەستناکەوێت." ئەمە وتووێژی بنیادکەرانەیە؟

خانم ناوەرت: "پـێموایە ئەمە بێگومان هەڕەشەیەکە لە لایەن سەرۆک ئەردۆغانەوە. بەڵام لێدوان نادەم لەسەر ئەوەی چی دەبوایە بیڵێت."

پـرسیار: ئەی چی لە بارەی هەڕەشە لەشکریـیەکانی بە ناڕاستەوخۆ لە دژی هەرێمی کوردستان دەکرێن؟ تێڕوانینی ئێوە لەسەر ئەوانە چییە؟

خانم ناوەرت: کرداری لەشکری لەلایەن کێ؟

وەڵام: لە لایەن تورکیا، ئێران و عێراق.

خانم ناوەرت: "بڕوانە، ئێمە سەلامەتی و ئارامی بۆ خەڵکی عێراق دەخوازین. نیگەرانیـیەکی زۆرمان لەم ڕیفراندۆمە هەیە. زۆر لەم بارەیەوە قسەمان کرد. ئەم ڕیفراندۆمە هیچ بنەمایەکی دەستور و یاسای عێراقی نەبووە، وە لێرا کۆتایی بەمە دەهێنم."

پـرسیار: بەڵام ئەم هەڕەشانەی کرداری لەشکری، تۆ بە توندی لە دژی نیت؟

خانم ناوەرت: بڕوانە، ئێمە لە دژی توندوتیژین لە هەر لایەکەوە بێت. مەبەستم ڕوونە ئێمە لە دژی توندوتیژین بە هەر شێوەیەک بێت. ئێمە دەمانەوێت چاوەکان لەسەر تۆپی داعش بمێنـنەوە و ئیتر ئەوەیە مەبەستمان."

لێدوانەکانی سێشەممەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان
please wait

No media source currently available

0:00 0:04:39 0:00

XS
SM
MD
LG