Accessibility links

سەرۆک ترامپ ڕایدەگەیەنێت کۆسۆڤۆ و ئیسرائیل پەیوەندی دیپـلۆماسیان دەبێت


سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کۆسۆڤۆ بڕیاری داوە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکات و پەیوەندی دیپـلۆماسی لەگەڵدا ببەستێت.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە تویتەرەکەی نووسی"ڕۆژێکی دیکەی مەزن بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – کۆسۆڤۆی زۆرینە موسڵمان و ئیسرائیل ڕێکەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیـیەکانیان و دروستکردنی پەیوەندی دیپـلۆماسی. دەستخۆش! بەم زووانە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و عەرەبی بە دوایدا دێن!"

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدا بوو، ئەلێگزاندەر ڤوچیچ سەرۆکی سڕبیا و عەبدوڵڵا هۆتی سەرۆک وەزیری کۆسۆڤۆ لە کۆشکی سپی و بە ئامادەبوونی سەرۆک ترامپ ڕێکەوتنێکیان واژوکرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیـیە ئابوریـیەکانی نێوانیان.

هەروەها سەرۆک ترامپ پـیرۆزبایی کرد بەبۆنەی بڕیاری سڕبیا بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم.

ئەم بڕیارەی کۆسۆڤۆ پاش نزیکەی سێ هەفتە لە ڕێکەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات دێت. ئیمارات بووە سێـیەم وڵاتی عەرەبی لە پاش میسڕ و ئوردن پەیوەندی دیـپـلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت.

XS
SM
MD
LG