کۆبوونەوە مێژوویـیەکەی نێوان دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور ئەمڕۆ سێشەممە لە کاژمێر 9:05 ی بەیانی بە کاتی سینگاپـور لە ئوتێلی کاپـێلای دورگەی سێنتۆسای ئەو وڵاتە دەسـتیپـێکرد.
سەرەتا لە بەردەم ئاڵاکانی ئەمەریکا و کۆریای باکور تەوقەیان لەگەڵ یەکتر کرد و پاشان پـێکەوە بەرەو شوێنی کۆبوونەوەکەیان بەڕێکەوتن و لەوێ بە کورتی بۆ پەیامنێرانیان ڕاگەیاند کە هیوادارن کۆبوونەوەکەیان سەرکەوتوو بێت.
سەرۆک ترامپ گوتی پـێشبینی دەکات پەیوەندیـیەکی زۆر باش لە نێوانیان دروستببێت. کیم جۆنگ ئون لای خۆیەوە گوتی کۆریای باکور و ئەمەریکا زاڵبوون بەسەر کۆسپە مێژوویـیەکانی نێوانیان و ئێستا لە سینگاپور کۆدەبنەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەوەی ئەمڕۆ هاتووەتە دی هەروا بە سانایی نەبووە.
بەپـێی بەرنامەی کۆبوونەوەکان، دەبوایە سەرەتا بۆ ماوەی 2 کاژمێر تەنیا خۆیان بە ئامادەبوونی وەرگێڕەکانیان کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوە دوو قۆڵیـیەکەی نێوانیان لە 48 خولەک زیاتری نەخایاند و کۆبوونەوە گشتیـیەکە بە ئامادەبوونی کاربەدەستانی دیکەی هەردوولا دەستیپـێکرد.