Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکور لە 12 ی مانگی شەش کۆدەبێتەوە


سەرۆک ترامپ لە بڕیارەکەی پـێشووی پاشگەزبووەوە و دەڵێت گەڕاوەتەوە بۆ سەر ئەو بەرنامەیەی پـێشتر دانرابوو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور لە 12 ی مانگی شەش لە وڵاتی سینگاپـور.

پاش نێوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی گەورە بەرپـرسەکەی کۆریای باکور، کیم یۆنگ چۆل جێگری سەرۆکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کۆریای باکور، کە بە دەستە ڕاستی ڕێبەری کۆریای باکور ناودێردەکرێت، گەیشتە کۆشکی سپـی و لە لایەن جۆن کێڵی گەورە فەرمانبەری کۆشکی سپی پـێشوازی لێکرا و بەرەو هۆڵی ئۆڤاڵی کۆبوونەوەکان برا و لەوێ لە لایەن سەرۆک ترامپەوە پـێشوازی لێکرا.

پاش کۆبوونەوەیەکی 90 خولەکی، سەرۆک ترامپ لە چیمەنی کۆشکی سپی بۆ ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند کە ئەو بەرنامەیەی پـێشتر دانرابوو بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکور و لە 16 ی مانگی پـێنج لێی پاشگەزبووەوە، ئێستا گەڕاوەتەوە سەری و لە کات و شوێنی خۆی ئەنجام دەدرێت.

گوتیشی کۆریای باکور نیازی هەیە دەستبەرداری چەکی ناوکی ببێت وە پـێشبینی کرد دانوستاندنەکان ئەنجامیان هەبێت.

لە پـرسیاری ڕۆژنامەوانان، ئایا باسیان لە مافەکانی مرۆڤ کردووە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی نەخێر. هەروەها ڕەتیکردەوە لە میانەی وتووێژەکاندا سزای نوێ بەسەر کۆریای باکوردا بسەپێنێت، گوتی هەتا لە وتووێژ و دانوستاندابین پـێویست بە سەپاندنی سزای دیکە ناکات، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی ئەمەریکا دەتوانێت بە سەدان سزای دیکە بەسەر کۆریای باکوردا بسەپـێنێت ئەگەر هەوڵەکان بە ئەنجام نەگەن.

پاشان لەگەڵ کیم یۆنگ چۆل لە چیمەنی کۆشکی سپی پـێکەوە وێنەیان گرت بە ئامادەبوونی مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دواتر هەتا نزیک ئۆتۆمبیلەکە ماڵئاوایی لەم کاربەدەستە باڵایەی کۆریای باکور کرد.

XS
SM
MD
LG