Accessibility links

سەرۆک ترامپ کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکور هەڵوەشاندەوە


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕیاری دا لەگەڵ کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور کۆنەبێتەوە کە لە بەرنامەدا بوو لە 12 ی مانگی شەش لە وڵاتی سینگاپـور بەڕێوەبچێت.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە نامەیەکی کراوەدا بۆ ڕێبەری کۆریای باکور نووسیویەتی خوازیاربوو لەگەڵیدا کۆببێتەوە، بەڵام لێدوانەکانی ئەم دوایـیانەی کیم جۆنگ ئون کە توڕەبوونێکی زۆر و دوژمنکاریـیان پـێوە دیارە، وەها دەکات گونجاو نەبێت لە ئێستادا لەگەڵیدا کۆببێتەوە.

بەڵام دواتر نووسیویەتی خوازیارە لە ئایندە لەگەڵیدا کۆببێتەوە. پاشان سوپاسی دەکات لە بەرامبەر ئازادکردنی هەرسێ ئەمەریکایـیەکەی لە کۆریای باکور زیندانی کرابووون.

پـێشتر هەر ئەمڕۆ کۆریای باکور ڕایگەیاند بە تەواوی شوێنی تاقیکردنەوە ناوکیـیەکانی خۆی وێرانکرد و چیتر ناکرێت بەکاربهێنرێتەوە.

دەزگای چەکی ناوکی لە کۆریای باکور لە بەیانـنامەیەکدا کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاویکردەوە، نووسیویەتی لە 24 ی مانگی پـێنج شوێنی تاقیکردنەوە موشەکیـیەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە تاوەکو نیشانی بدەن تاقیکردنەوە ناوکیـیەکان ڕاگیران.

هەروەها لە بەیاننامەکە باس لەوەش کراوە شوێنەکە بە شێوەیەک وێرانکراوە کە هەموو تونێلەکانی هەرەسبهێنن و دەروازەکانیان دابخرێن و هاوکات بیناکانی پاسەوانی و چاودێری شوێنەکەش وێرانکراون. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە میانەی وێرانکردنی شوێنەکە هیچ تیشکێکی ناوکی لە ناوچەکە دەرنەچووە.

XS
SM
MD
LG