کاربەدەستێکی کۆریای باشور دەڵێت ڕەنگە مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆریای باکور بگەڕێتەوە بەو سێ ئەمەریکایـیەی لەو وڵاتە زیندانیکراون.
کاربەدەستە کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆریای باشورە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز ڕاگەیاند و گوتی پەمپێۆ لەگەڵ کاربەدەستانی کۆریای باکور تاووتوێی وردەکاری کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور دەکات.
پەمپـێۆ ڕۆژی چوارشەممە لە ژاپـۆنەوە گەیشتە پـیۆنگیانگ و بەرەو هوتێلی کۆریۆ بەڕێکەوت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان.
کیم یۆنگ شۆل بەڕێوەبەری پـێشووی دەزگای زانیاری کۆریای باکور کە لە ئێستادا لە پـۆستی بەڕێوبەری دەزگای پەیوەندیـیەکانە لەگەڵ کۆریای باشور نیوەڕۆخوانێکی بۆ پەمپـێۆ و کاربەدەستانی یاوەری سازکرد.
پەمپـێۆ لە میانەی نیوەڕۆخوانەکە گوتویەتی ئەمەریکا وابەستەیە بە کارکردن لەگەڵ کۆریای باکور بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە نیمچە دورگەی کۆریا.
شۆلیش لای خۆیەوە گوتی چاوەڕوانیـیەکی گەورەی لە ئەمەریکا هەیە ڕۆڵێکی زۆر گەورە ببینێت لە بەدیهێنانی ئاشتی لە نیمچە دورگەی کۆریا.
پەمپـێۆ بەر لەوەی بەرەو پـیۆنگیانگ بڕوات، بە ڕۆژنامەوانانی گوت شتێکی گەورە دەبێت ئەگەر ئەو ئەمەریکایـیانە ئازادبکرێن، بەڵام گوتیشی لەم بارەیەوە هیچ بەڵێنێکی پـێنەدراوە.
جێی ئاماژەیە هەرسێ هاوڵاتی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک کۆری کیم هاک و تۆنی کیم و کیم دۆنگ شول لە کۆریای باکور سزای زیندانی و ئەنجامدانی کاری قورس دراون بە تۆمەتی سیخوڕی و کرداری دوژمنکارانە.