Accessibility links

سەرۆک ترامپ: مایک پامپـێۆ لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکور کۆبووەتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند مایک پامپـێۆ سەرۆکی دەزگای موخابەرات CIA لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکور کۆبووەتەوە و توانیویەتی پەیوەندیـیەکی باش دروستبکات.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" مایک پامپـێۆ هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور کۆبووەتەوە. کۆبوونەوەکە زۆر بە سانایی بەڕێوەچووە و پەیوەندیـیەکی باش پـێکهێنراوە. ئێستاش کار بۆ وردەکاریـیەکانی کۆبوونەوە لوتکەیەکە دەکرێت. داماڵینی چەکی ناوکی شتێکی مەزنە بۆ جیهان، وە هەروەهاش بۆ کۆریای باکور!"

پـێشتر ڕۆژنامەی واشنتن پـۆست نووسیویەتی کاربەدەسـتێکی باڵای ئەمەریکا کە ئاگاداری وردەکاری سەردانەکەیە، گوتویەتی ئەنجامی وتووێژەکانی پامپـێۆ لەگەڵ کیم جۆنگ ئون وایانکردووە سەرۆک ترامپ زیاتر بڕوای هەبێت کە شیانی هەیە وتووێژی بنیادنەر لەگەڵ پـیۆنگیانگ ئەنجام بدرێت لە بارەی بەرنامە ناوکی و موشەکیـیەکانی کۆریای باکور.

کاربەدەسـتێکی دیکەی ئەمەریکا گوتویەتی سەردانەکە لە سەرەتای ئەم مانگە بووە لە میانەی جەژنی قیامەی کرستیانەکان. گوتوشیەتی سوە هون سەرۆکی موخابەراتی کۆریای باشور لەگەڵ کیم یۆنگ چول سەرۆکی موخابەراتی کۆریای باکور کۆبوونەوەکەیان ڕێکخستبوو. ئامانجی سەردانەکە هەڵسەنگاندنی ڕێبەری کۆریای باکور بووە لەوەی ئایا ئامادەیە وتووێژی ڕژد بکات یان نا.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیری ژاپـۆن گوتی لەسەر ئاستی باڵا وتووێژ لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کراوە. گوتیشی لە ئێستادا تاووتوێ مەسەلەی شوێنی ئەنجامدانی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون دەکرێت وە قسە لەسەر پـێنج شوێن دەکرێت.

چاوەڕوان‌دەکرێت کۆبوونەوەکە لە کۆتایی ئەم مانگی چوارە یان سەرەتای مانگی پـێنج سازبکرێت لە وڵاتێکی ئاسیا یان ئەوروپا.

XS
SM
MD
LG