Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا: قورسترین سزا بەسەر کۆریای باکور دەسەپـێنین


سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند وڵاتەکەی قورسترین سزا بەسەر کۆریای باکوردا دەسەپێنێت، ئەمەش لە ڕێگەی بە ئامانجکردنی ئەو کۆمپانیا و کەشتیانەی یارمەتی پـیۆنگیانگ دەدەن لەو فرتوفێڵانەی دەیکات بۆ دەربازبوون لە سزا نێودەوڵەتیـیەکان.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکیدا لە ویلایەتی مێریلاندی نزیک واشنتنی پایتەخت گوتی بەم سزایانە ئەوپەڕی فشاردەخرێتە سەر کۆریای باکور تاوەکو ناچاربکرێت دەستبەرداری بەرنامەکانی خۆپـڕچەککردن ببێت.

کاربەدەستان دەڵێن سزاکان بەسەر 27 کۆمپانیای بازرگانی و بارکردن و 28 کەشتی و کەسێـک دەسەپـێنرێن، دەڵێن ئەمانە یارمەتی کۆریای باکوریان داوە لە بازرگانیکردن بە نەوت و خەڵوزی بەردین و سووتەمەنی دیکە.

پاش ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک ترامپ شاندی دیپـلۆماتی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یاداشتنامەیەکی دا بە کۆمیتەی سزاکان لە ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمەش تاوەکو ئەو 56 کۆمپانیا و کەشتیە بخەنە لیستی ڕەشەوە بەهۆی پـێشێلکردنی بڕیارەکانی تایبەت بە سزاکانی سەر کۆریای باکور.

خانم نیکی هەیلی باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیانـنامەیەکدا گوتی ئەم سزا قورسانەی ئەمەریکا نیشانی دەدەن واشنتن واز لە پـیۆنگیانگ ناهێنێت هەتا دەسـتبەرداری بەرنامەکانی خۆپـڕچەککردنی نەبێت.

سەباندنی ئەم سزایانە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پـێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنەکە هەیە، لەوانە چین کە هاوپەیمانی کۆریای باکورە.

XS
SM
MD
LG