Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفون پەیوەندی بە ڕێبەرانی چین و کۆریای باشور و ژاپـۆن دەکات

  • VOA News

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ چوارشەممە بە تەلەفون پەیوەندی بە ڕێبەرانی چین و کۆریای باشور و ژاپـۆن کرد، لە بارەی ئەو تاقیکردنەوە موشەکیـیەی ئەمڕۆی کۆریای باکور کە وەک پـیۆنگیانگ دەڵێت موشەکی بالیستیکی کیشوەر بۆ کیشوەری جۆری Hwasong-15 ی تاقیکردووەتەوە.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی لە بارەی پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکانەوە سێ بەیانـنامەی بڵاوکردووەتەوە و تیایاندا نووسیویەتی:

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ چوارشەممە قسەی لەگەڵ شی جین بینگ سەرۆکی چین کرد، بە مەبەستی وتووێژکردن لە بارەی دوایـین هەڵدانی موشەکی کۆریای باکور. سەرۆک ترامپ جەختی کردووەتەوە لەسەر سووربوونی ئەمەریکا لەوەی بەرگری لە خۆی و هاوپەیمانەکانی دەکات لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی لە لایەن کۆریای باکورەوە دەکرێن و ڕوویان لە زیادبوون کردووە. هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە پـێویستە چین بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدات کۆریای باکور قایل بکات واز لە کاری ئیستفزازی بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێی دەسـتبەرداربوون لە چەکی ناوکی.

.........

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ لەگەڵ مون جای ئین سەرۆکی کۆریای باشور وتووێژی کرد بۆ تاووتوێکردنی چۆنیەتی کاردانەوە لە بەرامبەر تاقیکردنەوە موشەکیـیەکەی کۆریای باکور. هەردوو ڕێبەر جەختیان کردەوە ئەو هەڕەشە مەترسیدارانەی کۆریای باکور لەم دواییانە دەیانکات نەک تەنیا بۆ سەر ئەمەریکا و کۆماری کۆریایە بەڵکو بۆ سەر تەواوی جیهانە. سەرۆک ترامپ و سەرۆک مون جارێکی دیکە کارە سەرکیشەکانی کۆریای باکوریان بە توندی شەرمەزارکرد کە بە ئامانجی پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکی و موشەکی بالیستیکین، ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد ئەم چەکانە تەنیا زیان بە ئاسایشی کۆریای باکور دەگەیەنێت و هەروەها گۆشەگیریـیە دیپـلۆماتی و ئابوریـیەکەی سەری زیاتر دەکات.

......

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ قسەی لەگەڵ شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیری ژاپـۆن کرد لە بارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لە بەرامبەر هەڵدانی موشەکێکی بالیستیکی مەودا دور لە لایەن کۆریای باکورەوە کە کاریگەری بۆ سەر ناوچەی بازرگانی ژاپـۆن هەبووە. هەردوو ڕێبەر هاوڕابوون ئەو کارە ئستیفزازیانەی کۆریای باکور دەیانکات ئاسایشی خۆی پێ لاوازدەبێت و لە کۆمەڵی نێودەوەڵەتی دوری دەخاتەوە. هەردوو ڕێبەر جارێکی دیکە دووپاتیانکردەوە کە پابەندن بە وەستان بە ڕووی هەڕەشەکانی کۆریای باکور.

XS
SM
MD
LG