Accessibility links

سیستەمی بەرگری موشەکی ئەمەریکایی لە کۆریای باشور دەکەوێتە کار

  • VOA News

کاربەدەستێـک لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند لە ئەمڕۆ دووشەممەوە سیستەمی بەرگری موشەکی جۆری ثادی ئەمەریکایی لە کۆریای باشور خراوەتە کار.

لە پاش بەردەوامبوونی کۆریای باکور لەسەر هەڕەشە و تاقیکردنەوە موشەکیـیەکانی، واشنتن و سیۆل ڕێکەوتن لەسەر دامەزراندنی ئەم جۆرە سیستەمە سەرەڕای ناڕەزایی چین.

ئەم سیستەمە دەتوانێت موشەکی بالیستی مەودا کورت و مامناوەند لە ئاسماندا تێکبشکێنێت. هەروەها موشەکەکەی دەتوانێت بە خێرایی 2.8 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا بەرەو ئامانجەکەی بڕوات هەتا دوری 200 کیلۆمەتر.

لە لایەکی دیکە لە چاوپـێکەوتنێـکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ نیوز، سەرۆک ترامپ گوتی ئامادەیە لە بارودۆخێـکی گونجاودا لەگەڵ کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور کۆببێتەوە.

پـێشتر ئەمڕۆ دووشەممە گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری کۆریای باکور گوتی وڵاتەکەی ئامادەیە لە هەر کاتێـکدا تاقیکردنەوەی ناوکی شەشەمی خۆی ئەنجام بدات. گوتیشی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر زیادکردنی توانا ناوکیـیەکانی خۆی.

جێی ئاماژەیە کۆریای باکوری لەوەتای ساڵی 2006 وە پـێنج تاقیکردنەوەی ناوکی ئەنجامداوە، لەوانە دووانیان لە ساڵی 2016 . شارەزایان دەڵێن پـێونگیانگ هەنگاوی گەورەی ناوە بە ئاڕاستەی ئامانجەکەی، ئەویش ببێتە خاوەنی موشەکی ناوکی مەودا دور کە بتوانێت بگاتە خاکی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG