Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە پـۆستەکەی دەکشێتەوە


جێمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریکا نامەی دەسـت لەکارکێشانەوەکەی ئاڕاستەی سەرۆک ترامپ کردووە و تیایدا دەڵێت مافی خۆتە کە وەزیرێکی بەرگریت هەبێت زیاتر تێڕوانینەکانی لە خۆتەوە نزیک بن.

ماتیس لە نامەکەی کە ئێوارەی پـێنجشەممە بڵاویکردەوە، هەروەها نووسیویەتی "جێی شانازیـمە وەک 26 هەمین وەزیری بەرگری ئەمەریکا کارم کردووە، ئەمەش بواری پـێدابووم لە پاڵ پـیاوان و ژنانی وەزارەتی بەرگری کاربکەم بۆ بەرگریکردن لە هاوڵاتیانمان و بەها باڵاکانمان."

پاشان وەڵامی نووسینێکی سەرۆک ترامپ دەداتەوە کە تیایدا گوتبووی ناکرێت ئەمەریکا ببێتە پـۆلیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێم ماتیس دەڵێت "منیش وەکو تۆ لە سەرەتاوە گوتومە هێزەکانی ئەمەریکا نابێت ببنە پـۆلیسی جیهان.

دەشڵێت یەکێک لە بنەما سەرەکیـیەکانی ئەو بڕوای پـێی هەبووە، بەهێزی ئەمەریکا لەو پەیوەندیـیە پـتەوەکانیدایە لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی، بۆیە ناکرێت ئەمەریکا بەرژەوەندیـیەکانی بپارێزیت بەبێ بەردەوامبوون لە هاوپەیمانێتیەکانی و ڕێزگرتن لێـیان.

پاشان نووسیویەتی لە29 ی مانگی دووی ساڵی 2019 ، ئۆفیسەکەی لە وەزارەتی بەرگری جێدەهێڵێت. دەڵێت ئەم ماوەیە بەسە تاوەکو کەسێکی دیکە شوێنەکەی بگرێتەوە.

سەرۆک ترامپ لای خۆیەوە دەست لەکارکێشانەوەکەی پەسەندکرد و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی جەنەڕاڵ جێم ماتیس لە کۆتایـیەکانی مانگی دووی داهاتوو خانەنشین دەبێت.

دەڵێت لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی لەو پـۆستەدا بووە خزمەتێکی زۆری کردووە و زۆر سوپاسی دەکات. هەروەها نووسیویەتی لەم نزیکانە ناوی وەزیرێکی نوێ ڕادەگەیەنرێت.

XS
SM
MD
LG