وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور وتی هێزە دەریاییەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا و ژاپۆن مەشقێکی دوو ڕۆژیی دژە ژێرئاوگەڕ ئەنجام دەدەن کە لە ڕۆژی دووشەممەدا دەستپێدەکات، ئەم مەشقەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەرەسەندنی توانا ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکوورە.
مەشقەکان لە ئاوی نێودەوڵەتی دەرەوەی دوورگەی جیجوی باشووری کۆریای باشوور ئەنجام دەدرێن، گروپی کەشتی هێرشبەری ئەمەریکی بە ڕابەرایەتی کەشتی یو ئێس ئێس نیمیتز بەشداری لە مەشقەکەدا دەکەن. هەفتەی ڕابردوو کەشتییە ئەمەریکییەکە گەیشتە شاری بوسانی باشووری کۆریای باشوور.
مەشقە هاوبەشە سێ لایەنییەکە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو کۆریای باکوور کڵاوەیەکی بچووکتری ئەتۆمی نوێی ئاشکرا کرد، بەڵێنیدا چەکی ئەتۆمی زیاتر بەرهەم بهێنێت بۆ فراوانکردنی جبەخانەکەی.
وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور وتی مەشقەکانی ئەم هەفتەیە ئامانجی جووڵاوی دژە ژێرئاوگەڕی تیادا بەکاردەهێندرێت بۆ باشکردنی ئەو توانایانەی کە پێویستن بۆ بەرپەرچدانەوە و چاودێریکردن و لە ناوبردنی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور لە ژێر دەریادا.
وتەبێژی باڵای حکومەتی ژاپۆن هیرۆکازۆ ماتسونو بە ڕۆژنامەنووسانی وت مەبەست لە مەشقەکان پتەوکردنی هاریکارییە سێ لایەنییەکانە بۆ " مامەڵەکردن لەگەڵ نیگەرانییە ئاسایشییەکانی ناوچەکە و پاراستنی بەها هاوبەشە ئاسایشییەکانمان و خۆشگوزەرانی، هەروەها دەرخستنی پابەندبوونی سێ وڵاتەکە بۆ پتەوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان."
ڕۆژی دووشەممە کاتێک سەبارەت بە مەشقەکان پرسیاری لێکرا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ماو نینگ وتی " مەشقەکان کە لەلایەن چەند وڵاتێکی دەوروبەری نیمچە دوورگەی ' کۆریاوە ' ئەنجام دەدرێن، هۆکاری سەرەکین بۆ ئەو گرژییە زۆرەی کە لە نیمچە دوورگەی کۆریادا هەیە. لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت هەلومەرجێکی گونجاو دروست بکەن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان."
دوای پێنج ساڵ لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا سێ وڵاتەکە بۆ یەکەمین جار مەشقێکی دژە ژێرئاوگەڕییان ئەنجامدا، ئەوەش لە نێوەندی گرژییەکاندا بوو لەگەڵ کۆریای باکووردا سەبارەت بەوەی کۆریای باکوور لە ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی بێپێشینەی لە تاقیکردنەوەی موشەکەکانی ئەنجامدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز