وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور لە هاوای کۆبوونەوە و تاوتوێی کێشەکانی کۆریای باکوور و ئۆکرانیایان کرد.
مەبەست لە کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ژاپۆن هایاشی یۆشیماسا و وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور چونگ ئیو یەنگ " تاوتوێکردنی نیگەرانیە هاوبەشەکانی نێوانیان بووە."
وەزیرەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەکە وتیان " وەکو تیشک خستنەسەر گرنگیی هاریکارییە سێ قۆڵییەکان لەکاتێکدا ڕووبەڕووی کێشەی ئاڵۆز بووینەتەوە لە سەرانسەری جیهاندا، وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتەکە پابەندن بە فراوانکردنی هاریکارییەکانی نێوانیانەوە لەڕووی ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیشەوە، هەروەها پابەندن بە فراوانکردنی ئەرکە ئابوورییەکانی نێوانیشیان."
یەکێک لەو بابەتانەی باسیان لێوە کراوە بوونی هەزاران سەربازی ڕووسیە لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا، لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت دیبلۆماتکارەکان " پشتیوانی جێگیری خۆیان بۆ سەروەری خاکی ئۆکرانیا دووپات کردۆتەوە و پابەندن بەوەی لەنزیکەوە کاربکەن بۆ بەربەست دانانی زیاتر لەبەردەم ڕووسیادا."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە بابەتێکی دیکەش کراوە، ئەویش کۆریای باکوور و بەرنامە ناوەکییەکەیەتی. وەزیرەکان " سەرکۆنەی " تاقیکردنەوە موشەکییەکانی ئەمدواییانەی کۆریای باکوورییان کرد و " نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە سروشتی تێکدەرانەی ئەم کارانەی کۆریای باکوور."
وتیشیان " پابەندن بەوەی سێ قۆڵی لەنزیکەوە پێکەوە کاربکەن بۆ داماڵینی چەکی ناوەکی و خستنەوەی ئاشتیەکی هەمیشەیی لە نیمچە دورگەی کۆریادا."
کۆبوونەوەکە دوایین وێستگەی بلینکن بوو لە گەشتەکەیدا بۆ ئاسیا، لەمیانەی گەشتەکەیدا سەردانی ئوستڕاڵیای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئوستڕاڵیا و هیندستان و ژاپۆندا کۆبۆوە، دواتریش سەردانی فیجی کرد و کۆبوونەوەیەکی لەڕێی ڤیدیۆوە لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی پاسیفیکدا ئەنجامدا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور سەبارەت بە کۆریای باکوور و ئۆکرانیا کۆدەبنەوە
