Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: هەموو بژارەکان لەبەردەستدان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆریای باکوردا

  • VOA News

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەدرەوام دەبێت بۆ فشارخستەنە سەر کۆریای باکور تاوەکو لە ڕێگەی ئاشتیانە دەستبەرداری بەرنامەکانی چەکی ببێت.

مایک پـێنس ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی سەردانیدا بۆ تۆکیۆی پایتەختی ژاپـۆن و کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە گوتی" ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ ژاپـۆن و چین و هەموو هاوپەیمانان لە سەرانسەری ناوچەکە بۆ ئەوەی فشاری دیپلۆماتی و ئابوری بخرێتە سەر کۆریای باکور هەتا دەستبەرداری بەرنامەکانی چەکی ناوکی و موشەکی بالیستی دەبێت." بەڵام گوتیشی ئەگەر نا ئەوا هەموو بژارەکان لەبەردەستـدان.

هەروەها جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ژاپـۆن دووپاتکردەوە. لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیری ژاپـۆن گوتی پـێزانینیان بۆ خەڵکی ژاپـۆن هەیە کە لەم ساتە سەختە تێپەڕدەبن و هەڕەشەیان لەسەرە. گوتیشی ئەمەریکا سەد لە سەد لەگەڵ ژاپـۆنیـیەکاندایە و هەمیشە خوازیاری ئاشتیـیە.

جەختی لە گرنگی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و گوتی هاوپەیمانێتی نێوان ئەمەریکا و ژاپـۆن بەردی بناغەی ئاشتی و ئارامیـیە لە ناوچەکەدا.

شینزۆ ئابێ لای خۆیەوە گوتی "ژاپـۆن خوازیاری وتووێژی ئاشتیـیە لەگەڵ پـیۆنگیانگ، بەڵام لە هەمان کاتدا وتووێژکردن لە پـێناو وتووێژ هیچ سوودێـکی نابێت، بۆیە دەبێت فشار بخرێتە سەر کۆریای باکور هەتا بێتە پـێشێ بۆ ئەنجامدانی وتووێژی ڕاستەقینە."

XS
SM
MD
LG