Accessibility links

ئەمەریکا و ژاپۆن بەڵێنی زیادکردنی هاریکارییە بەرگرییەکانی نێوانیان دەدەن


ئەمەریکا و ژاپۆن نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چین دەربڕی و بەڵێنیاندا پێکەوە لەدژی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە کاربکەن، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی سەر بەرگرییان.

وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەمەریکا لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لەگەڵ هاوتا ژاپۆنیەکانیاندا قسەیان کرد و تاوتوێی نیگەرانیەکانیان کرد سەبارەت بە چین و زیادبوونی گرژییەکان لەسەر تایوان و بەردەوامبوونی هەڕەشەکانی بەرنامە موشەکیەکەی کۆریای باکوور، هەروەها گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە زیادکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان لەڕووی ئاسایشەوە.

وەزیرەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە هەوڵەکانی چین و وتیان " پێکەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەگەر پێویست بکات بەربەست دابنێین بۆ ئەو چالاکییانەی کە دەبنە هۆی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە."

هەروەها وتیشیان " نیگەرانی جددیان هەیە سەبارەت بە کێشەکانی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی شینگیانگی چین و هۆنگ کۆنگ و جەختیشیان لە گرنگی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە لە تەنگەی تایواندا."

سەرەڕای ئەوەی ژاپۆن پەیوەندییەکی نزیکی ئابووری لەگەڵ چیندا هەیە، نیگەرانیەکی زۆر لە ژاپۆن هەیە سەبارەت بە ئەگەری جوڵەی پەکین دژی تایوانی دیموکرات.

بەرلە گفتوگۆکان، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی هاوپەیمانان پلانی ڕێکەوتنێکی نوێی هاریکاری بەرگرییان داناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان، لەوانەش هەڕەشەکانی موشەکی دەنگبڕ و تواناکانی دیکە.

بلینکن وتی هاوپەیمانێتی نێوان ژاپۆن و ئەمەریکا " نابێت تەنها بۆ پتەوکردنی ئەو ئامڕازانە بێت کە هەمانە، بەڵکو دەبێت بۆ پەرەپێدانی ئامڕازی نوێش بێت." ئاماژەشی بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیادا لەسەر سنووری ئۆکرانیا و هەروەها کارە " وروژێنەرەکانی " چین دژی تایوان و تاقیکردنەوە موشەکییەکانی کۆریای باکوور.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری بەرگری ژاپۆن نۆبۆ کیشی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەبێت کار لەسەر سەرجەم هۆکارەکان بکەین ، لەوانەس هاریکاریکردن لەگەڵ ئەمەریکادا بۆ پتەوکردنی توانای بەرگری موشەکەکانمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG