Accessibility links

سەرۆک ترامپ: دەبێت فەڵەستینیـیەکان دانبنێن بە ئیسرائیلدا


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت چارەسەری دوو دەوڵەتی و یەک دەوڵەتی لەبەرچاودەگرێت بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکاندا.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ بنیامین نەتانیاهو لە کۆشکی سـپی گوتیشی" پـێشتر پـێیوابوو گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان ئاسانتربێت، بەڵام ئەگەر وەهاش نەبێت، ئەوەم پـێباشە کە ئەوان پـێـیان باشبێت."

هەروەها گوتی خۆشحاڵ دەبێت ببینێت باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ ئۆرشەلیم بگوێزرێتەوە.

پاشان گوتی ئیسرائیلیـیەکان لە ئێستادا نەرمیـیەکی زۆر زیاتر لە جاران نیشان دەدەن، بۆیە دەبێت فەڵەستینیـیەکان دانبنێن بە ئیسرائیلدا.

جەختی لەوەش کرد ئەمەریکا پەیوەندیـیەکی قوڵی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، ئاماژەی بۆ ئەو ڕابردووە دورودرێژەی نێوان هەردوو وڵات کرد لە بواری نەهێشتنی تێرۆردا.

هەروەها سەرۆک ترامپ باسی لە هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیل کرد و گوتی مەترسی گەورەی لەسەرە، لەوانە هەڕەشەی چەکی ناوکی لە لایەن ئێرانەوە.

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لای خۆیەوە سوپاسی سەرۆک ترامپی کرد بۆ ئەو هەوڵانەی ئەنجامیداون بۆ ڕاگرتنی هەڕەشەکانی ئێران، گوتی ئەمە گۆڕانێـکە لە سیاسەتی ئەمەریکا.

پاشان لە بارەی ئاشتی لەگەڵ فەڵەستینیـیەکان، نەتانیاهو گوتی دوو مەرجی پـێشەکی بۆ ئاشتی هەن، یەکەم دەبێت فەڵەستینیـیەکان دانبنێن بە دەوڵەتی ئیسرائیل. دووەم دەبێت ئیسرائیل لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ئاشتی کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردنی بکات.

XS
SM
MD
LG