سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ گوتی لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا باسییان لە بابەتی دابینکردنی چەک کردووە لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕووسیا کە بووەتە هۆی کوژرانی ئۆکرانییەکان.
هێرزۆگ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت لەگەڵ سەرۆک بایدندا تاوتوێی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێرانییان کردووە، هەروەها باسییان لە سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە دژی دانیشتوانی وڵاتەکە.
لە ماوەی ڕابردوودا پێش کۆبوونەوەکەی دوو سەرۆکەکە، ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئیسڕائیل گوتی ئیسڕائیل کۆمەڵێک وێنەی لایە کە لەیەکچوونی نێوان ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە ئۆکرانیا خراونەتە خوارەوە و ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە ساڵی 2021 دا ئێران تاقیکردوونەتەوە نیشان دەدات.
ئۆکرانیا و هاوبەشەکانی لە ڕۆژئاوا وتوویانە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمدواییانەی ڕووسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا بە کیێڤیشەوە لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی شاهید – 136 ەوە ئەنجام دراون.
ئێران ڕەتی دەکاتەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دابێت بە ڕووسیا و مۆسکۆش ڕەتی کردۆتەوە ئەو جۆرە فڕۆکانەی لە ئۆکرانیا بەکارهێنابێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، دەنگی ئەمەریکا