دوو بەرپرسی ئەمەریکایی کە ئاگاداری لیستی ئەو چەکانەن کە ئەمەریکا ناردوونی بۆ ئیسڕائیل، دەڵێن لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەوە، بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ژمارەیەکی زۆر تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل ناردووە کە زیاتر لە دە هەزار بۆمبی وێرانکەری 2000 پاوندی (907 کیلۆگرام) و هەزاران مووشەکی هێڵفایر لەخۆدەگرێت.
دوو بەرپرسەکە کە نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا بکرێت چونکە ڕێگەپێدراو نەبوون بە ئاشکرا قسە بکەن، وتییان لە دەستپێکی جەنگەکەوە لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، ئەمەریکا لانیکەم 14,000 بۆمبی MK-84 2000 پاوەندی و 6,500 بۆمبی 500 پاوەندی و 3000 موشەکی هێڵفایەری ئاسمان بۆ زەوی و 1000 بۆمبی دژە ژێرزەمین و 2600 بۆمبی بچووک و تەقەمەنی دیکەی ناردووە بۆ ئیسڕائیل.
بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە نەدا بە دیاریکراویی کەی ئەم تەقەمەنی و چەکانە دراون بە ئیسڕائیل، بەڵام بە گشتی بڕی چەک و تەقەمەنییەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسڕائیلی هاوپەیمانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم نەبوونەتەوە، ئەمەش سەرەڕای داوا نێودەوڵەتییەکان بۆ سنووردارکردنی دابینکردنی ئەو چەکانە بۆ ئیسڕائیل و بڕیارەکەی ئەمدواییانەی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی ناردنی بۆمبە بەهێزەکان بۆ ئیسڕائیل.
شارەزایەکی چەک لە ناوەندی توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان، تۆم کاراکۆ، وتی " لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە دەکرێت لە شەڕێکی گەورەدا زۆر بە خێرایی سەرف بکرێن، ئەم لیستە بە ئاشکرا ڕەنگدانەوەی پشتیوانییەکی گەورەی ئەمەریکایە بۆ هاوپەیمانە ئیسڕائیلییەکانمان." وتیشی لیستی چەک و تەقەمەنییەکان لەو جۆرانەن کە ئیسڕائیل ڕەنگە بەکارییان بهێنێت دژی حەماس یاخود لە ئەگەری شەڕێکدا لەگەڵ حزبوڵادا.
ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، لە دەستپێکی جەنگەکەی غەززەوە تاوەکو ئێستا لەسەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسڕائیل تەقە لە یەکتر دەکەن، نیگەرانییەکانیش سەبارەت بە هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان لەسەر ئەو سنوورە زیاتر بووە.
یەکێک لە بەرپرسە ئەمەریکاییەکان وتی بارەکان بەشێکن لە لیستێکی گەورەتری ئەو چەکانەی کە لە دەستپێکی جەنگەکەی غەززەوە ڕەوانەی ئیسڕائیل کراون. ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن بە ڕۆژنامەنووسانی وت کە واشنتن لە 7 ی مانگی 10 ەوە بە بەهای 6.5 ملیار یارمەتی ئاسایشی بۆ ئیسڕائیل دابین کردووە.
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا بانگەشەی ئەوەی کرد کە واشنتن ناردنی چەکەکانی بۆ ئیسڕائیل ڕاگرتووە، بەرپرسانی ئەمەریکاش چەندین جار ئەو بانگەشەیەیان ڕەت کردووەتەوە.
بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا یەک باری بۆمبی 2000 پاوەندی ڕاگرتووە، هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ نیگەرانییەکانی لەسەر کاریگەریی ئەو بۆمبانە لە ناوچە قەرەباڵغەکانی دانیشتواندا لە غەززە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا سوور بوون لەسەر ئەوەی کە سەرجەم ڕەوانەکردنی چەکەکانی دیکە بەردەوامن.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ئەمەریکا لەگەڵ ئیسڕائیلدا تاوتوێی ناردنی ئەو بارەی بۆمبە گەورەکان دەکات کە لە مانگی پێنجدا بەهۆی نیگەرانییەکانەوە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە ڕەفەح ڕاگیرابوو.
لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.
بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز