Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکی: ئەمەریکا بەرپرسانی ئیسڕائیل بانگهێشتی کۆنگرەکەی بەحرەین ناکات


ڕاوێژکاری باڵای کۆشکی سپی جارێد کوشنەر
ڕاوێژکاری باڵای کۆشکی سپی جارێد کوشنەر

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی کۆشکی سپی بەنیاز نیە بەرپرسانی حکومەتی ئیسڕائیل بانگهێشتی کۆنگرەکەی بەحرەین بکات کە ئامانج لێی پشتیوانیکردنی پلانی چالاککردنی ئابووری فەڵەستینە، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی کۆنگرەکە دووربێت لە بابەتی سیاسیی.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی واپێشبینی دەکرێت نوێنەرانی کەرتی کاری فەڵەستین ئامادەی کۆنگرەکە بن کە لە 25 و 26 ی مانگی حەوتدا لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی فەڵەستین بەشداری کۆنگرەکە ناکەن و پلانی ئاشتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەت دەکەنەوە.

بەهۆی ئەمەوە بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا بڕیاریدا بەرپرسانی حکومەتی ئیسڕائیل بانگهێشت نەکات بۆ کۆنگرەکە کە واپێشبینی دەکرێت نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی بەشداری تێدا بکەن.

بەرپرسەکە وتی " خاوەن کارانی فەڵەستینی و ئیسڕائیلی بانگهێشت دەکەین. دەمانەوێت تا بتوانین کۆنگرەکە بەدووربگرین لە سیاسەت."

واپێشبینی دەکرێت لە کۆنگرەکەدا ڕاوێژکاری باڵای کۆشکی سپی جارێد کوشنەر و نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەیسن گرنبلات ڕووە ئابوورییەکەی پلانی ئاشتی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل ڕابگەیەنن کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوان دەکرێت.

ئەم پلانەش کە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بە ڕێکەوتنی سەدەی ناودەبات، هانی وڵاتانی عەرەبی دەدات وەبەرهێنان بکەن لە بەشی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززەدا پێش ئەوەی بچنە بابەتە سیاسییەکانەوە کە هۆکاری سەرەکی ململانێکانن.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس سەرکۆنەی کۆنگرەکەی کرد و داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد بەشداری تێدا نەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG