Accessibility links

بۆچی پێناچێت ناتانیاهۆ ملکەچی بۆچوونەکانی واشنتن بێت سەبارەت بە پرسی فەلەستینییەکان؟!


بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات ئیسڕائیل ڕازی بکات لەسەر ئەوەی هەر کە شەڕەکە لە غەززە تەواو بوو وەکو هاوبەشێک دووبارە گفتوگۆ لەگەڵ فەلەستینییەکاندا بکاتەوە و پشتیوانی لە سەربەخۆیی فەلەستینییەکان بکات، بەڵام سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بەردەوام دەڵێت نەخێر و بەوە ڕازی نییە.

بۆچوونی ئەو دوو وڵاتە کە هاوپەیمانێکی نزیکی یەکترن، تەنانەت لەسەر هەنگاوەکان بۆ کەمکردنەوەی ئازار و زیانی سەر فەلەستینییەکان، زۆر دوورن لە یەکترەوە.

ئەم خۆلە کە زۆربەی جیهانی نیگەران کردووە، پێناچیت کۆتایی پێبێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا بە پەلە گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، ئەمە چوارەمین جارە بلینکن سەردانی ناوچەکە بکات.

بۆ نەتانیاهو و بایدنیش، ڕای گشتی لە وڵاتەکانییان و پابەندبوونییان بە پرسی ئیسڕائیلەوە، لە کاتێکدا کە هەر یەکێکییان کۆشش دەکەن بۆ مانەوەیان لە ژیانی سیاسییدا، هەموو ئەمانە وادەکات پێنەچێت نەتانیاهو داواکارییەکانی ئەمەریکا لەسەر فەلەستینییەکان جێبەجێ بکات، یاخود پێنەچێت بایدن توندتر بێت لەسەر ئیسڕائیل تاوەکو داواکارییەکانی ئەمەریکا جێبەجێ بکات.

پشتیوانیکردن لە ئیسڕائیل باوەڕێکی پتەوی زۆرێک لە دەنگدەرانی ئەمەریکایە. هەڵمەتەکەی ئەم ساڵی بایدن بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا خستوویەتییە بەردەم کۆمارییەکان کە بەڵێنییان داوە لە دیموکراتەکان کاری زیاتر بکەن بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسڕائیل. لەلای خۆشییەوە نەتانیاهو شەڕی مانەوە دەکات لەسەر دەسەڵات دژی ئەو تۆمەتانەی گەندەڵی کە لە ئیسڕائیل ئاڕاستەی کراون.

هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەم دۆخە ڕەنگە ئەمەریکا بە شێوەیەکی قووڵتر بخاتە ململانێ سەربازی و ئاسایشییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لە کاتێکدا کە توندوتیژییەکان خراپتر بوون و ئازاری فەلەستینییەکان بەردەوامە.

ڕاوێژکاری پێشووی سیاسەتی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری دژە تیرۆر و بەکارهێنانی هێزی سەربازیی، بڕایان فینوکان، دەڵێت " ئەوە سیاسەتێکی شکستهێنانە بە خۆت."

فینوکان کە ئێستا ڕاوێژکاری باڵای ڕێکخراوی گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکانە وتی " ئەوەی کە ڕەنگە لە ڕووی سیاسەتێکی کورتخایەنی ناوخۆییەوە گونجاو بێت، ڕەنگە لە بەرژەوەندی درێژخایەنی ئەمەریکادا نەبێت. بە تایبەتی ئەگەر لە ئاکامدا ئەمەریکا زیاتر خۆی لە شەڕە ناپێویستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێوەبگلێنێت."

بەڕێوبەرایەتییەکە دەڵێت سیاسەتی بایدن بۆ مانەوەی ئەمەریکا وەکو هاوپەیمانێکی سەربازیی و پشتیوانکاری ئیسڕائیل باشترین ڕێگەیە بۆ دەستکەوتنی سازشەکان لە نەتانیاهووە کە زۆرجار کەلەڕەقە، کاتێک هێشتا بلینکن لە ناوچەکەدا بوو، وەزیرەکانی نەتانیاهو بە ئاشکرا هەندێک لە داواکارییەکانی ئەمەریکایان ڕەت کردەوە.

لە دوای هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل، ئەمەریکا بە پەلە چەک و یارمەتی دیکەی دا بە ئیسڕائیل، هەروەها هێزی ڕەوانەی ناوچەکە کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی هێرشەکانی حەماسی هاوپەیمانی ئێران، هەروەها ڕێگری لە هەوڵەکان کردووە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ سەرکۆنەکردنی بۆردومانەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە.

ڕۆژی پێنجشەممە لە هەمان ڕۆژدا کە بلینکن کۆتایی بە گەشتە دیپلۆماتییەکەی هێنا بۆ ناوچەکە، کەشتی و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا یەمەنییان کردە ئامانج، لە هەوڵێکدا بۆ نەهێشتنی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.

بەرپرسانی ئەمەریکا بانگەشەی ئەوە دەکەن نوێترین هەوڵە دیپلۆماتییەکانی بلینکن بە شێوەیەکی مامناوەندی سەرکەوتوو بووە. بلینکن پشتیوانییەکی سنووردار و بە مەرجی لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و تورکیاوە دەستکەوت لەسەر پلانەکان بۆ دووبارە بونیادنانەوە و فەرمانڕەواییکردنی غەززە. بەڵام حکومەتە ڕاستڕەوەکەی ئیسڕائیل لەگەڵ چەندین خاڵی سەرەکیدا هاوڕا نیە.

بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا داوای لە ئیسڕائیل کردووە هەوڵ بدات کەمترین قوربانیی سڤیل هەبێت لە هێرشەکانیدا بۆ سەر غەززە. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئەو داوایەی ئەمەریکا کاریگەرییەکی هەبووە، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل دەستیکرد بە کشانەوەی هەندێک لە هێزەکانی لە باکووری غەززە و چڕیی بۆردومانەکانی کەمتر کردووەتەوە.

هەندێک کات ئیسڕائیل نەک هەر هاوکار نەبووە بەڵکو بە ئاشکرا داواکانی ئەمەریکای ڕەت کردووەتەوە، بۆ نموونە، کاتێک بلینکن داوای لە ئیسڕائیل کرد ئەو داهاتی باجەی کە لە بری دەسەڵاتی فەلەستینییەکان کۆی کردووەتەوە بیگەڕێنێتەوە بۆ فەلەستینییەکان، ئیسڕائیل ڕەتی کردەوە.

وەزیری دارایی ئیسڕائیل بیزالیل سمۆتریچ وتی " بەردەوام دەبین لە شەڕکردن بە هەموو توانامانەوە بۆ لە ناوبردنی حەماس، یەک شیکیلیش حەواڵە ناکەین بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی کە دواتر دەڕوات بۆ خێزانە نازییەکان لە غەززە."

بەڵام گەورەترین ناکۆکی نێوان ئەمەریکا و ئیسڕائیل ئەوەیە کە نەتانیاهو ڕەتی کردووەتەوە بیر لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی بکاتەوە. وڵاتانی عەرەبی دەڵێن پابەندبوونی ئیسڕائیل بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینییەوە زۆر گرنگە بۆ ڕازیکردنییان تاوەکو بەشدار بن لە دووبارە بونیادنانەوەی غەززەدا لە دوای جەنگ.

ئەمەریکا و ئیسڕائیل لەسەر ئەو بابەتە کۆک نین.

لە ساڵی 2007 دا کاتێک حەماس بەڵێنی لە ناوبردنی ئیسڕائیلیدا و کۆنتڕۆڵی غەززەی کرد، فەلەستینییەکان لە ڕووی سیاسی و جوگرافیاشەوە دابەش بوون، ئەوەش وایکرد دەسەڵاتی فەلەستینییەکان کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە و مەحمود عەباس ڕابەرایەتی دەکات، فەرمانڕەوایی کەناری ڕۆژئاوا بکات. ئەمەریکا دەیەوێت دەسەڵاتی فەلەستینییەکان چاکسازی تێدا بکرێت پێش ئەوەی حکومەتێکی یەکگرتوو لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا دابمەزرێنێت، ئەوەش وەکو پێشەکییەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەت.

بلینکن و یاریدەدەرەکانی باوەڕییان وایە نەتانیاهو یاخود جێگرەوەکەی ئەگەر ئیسڕائیل هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدات، لە کۆتاییدا درک بەوە دەکەن کە بوونی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان چارەسەری سەرەکییە بۆ ئاسایشی درێژخایەنی ئیسڕائیل و قبووڵکردنی ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر پەراوێزخستنی ئێران و لایەنگرەکانی، کە گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر ئیسڕائیل.

بلینکن لە قاهیرە وتی " لە تێڕوانینی ئیسڕائیلەوە، ئەگەر بتوانیت داهاتوویەکت هەبێت و تێیدا یەکبخرێیت لەگەڵ ناوچەکەدا و پەیوەندییەکانت لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا ئاسایی بکەیتەوە، کە گرەنتی ئاسایشیت هەبێت، ئەوە ڕێگایەکی زۆر سەرنجڕاکێشە. بەڵام ئەوەش ڕوونە کە ئەوە پێویستی بەوەیە ڕێگایەک هەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی. ئەوەمان لە هەموو وڵاتانی سەرانسەری ناوچەکەوە بیست."

باڵیۆزی پێشووی ئیسڕائیل لە ئەمەریکا، مایکڵ ئۆرین، وتی بۆ ئیسڕائیلییەکان، هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ زیندووکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی ئاماژەیە لەسەر ئەوەی ڕابەرانی ئەمەریکا درکییان بەوە نەکردووە کە ڕای گشتی لە ئیسڕائیل لەسەر پرسی فەلەستینییەکان چەند توندتر بووە، بە تایبەتی لە دوای هێرشەکانی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا.

وتی " ئیسڕائیلییەکان هەستییان بە ئازار کرد، هەستییان کرد سوکایەتییان پێکراوە، هەستییان بە ترس کرد و نیگەرانن لەوەی کە ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە هاوپەیمانەکانمان دەیگرنەبەر."

وتی دواجار بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل هەمیشە یەک ناگرنەوە، " لە کۆتاییدا سنوورێک هەیە، چونکە ئەگەر بایدن بڵێت بوەستن، ئێمە ناوەستین."

ئۆرین وتیشی ڕابەرانی ئیسڕائیل دەزانن کە پێویستە سازشی زیاتر بۆ ئەمەریکا بکەن. پێشتر هەندیک سازش کراوە، لەوانەش ڕێگەدان بە گەیشتنی سووتەمەنییەکی سنووردار بۆ ناو غەززە، شتێک کە نەتانیاهو لە ڕۆژەکانی سەرەتای جەنگەکەدا بە توندی ڕەتی دەکردەوە.

بایدن داواکانی هەندێک لە ئەندامانی پارتە دیموکراتەکەی ڕەت کردووەتەوە بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی ئەمەریکا بەسەر ئیسڕائیلیدا، بە تایبەتی پشتیوانییە سەربازییەکان بۆ ئیسڕائیل، ئەوەش لە پێناو ئەوەدا کە ئیسڕائیل ناچار بکات بەو پرسە ڕازی ببێت.

بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا بە ئاشکرا دژی جووڵەی هەندێک لە سیناتۆرەکانی دیموکراتەکان وەستایەوە بۆ بەستنەوەی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەوەوە کە ئیسڕائیل هەنگاوی زیاتری بەرجەستە بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی قوربانییانی سڤیل لە غەززە. بەڕێوبەرایەتییەکە دەڵێت بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردن لە بەرگری ئیسڕائیل لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکادایە. لەو کاتەوە بەڕێوبەرایەتییەکە دوو جار باری نائاسایی بەپەلەی ڕاگەیاندووە بۆ مۆڵەتدان بە فرۆشتنی چەکی نوێ بە ئیسڕائیل، بەبێ مۆڵەتی کۆنگرێس.

هەفتەی داهاتوو پێشبینی دەکرێت هەوڵێکی دیکە بدرێت بۆ فشارکردنە سەر بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن و ئیسڕائیل، لە کاتێکدا کە سیناتۆر بێرنی ساندەرز پلانی هەیە دەنگدانێک ئەنجام بدات کە تێیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ناچار دەکات بە کۆنگرێس بڵێت کە ئایا ئیسڕائیل پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە یاخود نا.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG