کۆشکی سپی ڕایگەیاند بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ئیسڕائیل لە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی ستراتیژیدا تاوتوێی نیگەرانیەکانیان کردووە سەبارەت بە ئێران.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئیمیڵی هۆڕن وتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان و هاوتا ئیسڕائیلیەکەی موئیر بن شبات بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.
وتیشی " هەردوولا ڕاوبۆچوونی خۆیان گۆڕیوەتەوە سەبارەت بە بابەتە ئەمنیەکانی ناوچەکە و نیگەرانیە هاوبەشەکانیان، لەوانەش دۆسیەی ئێران. هەروەها باسیان لە شێوازێکی هاوبەش کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو کێشە و هەڕەشانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە."
بۆ بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدایە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانیدا تاوەکو ئێران بەرەو دانوستانەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ڕابکێشێت.
مانگی ڕابردوو بەرپرسێکی ئیسڕائیل وتی ئیسڕائیل هیوادارە بەدووربێت لە دروستبوونی کێشەی تایبەتیی لە نێوان نەتانیاهو و بایدندا بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە لەسەر دۆسیەی ناوەکی ئێران، ئەوەش لەڕێی ڕادەستکردنی دانوستان و گفتوگۆکان بە ڕاوێژکارە باڵاکانی.
هۆڕن وتی " هەردوو ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ڕێکەوتوون لەسەر گرنگی گفتوگۆ ستراتیژیەکانی نێوانیان و بەڵێنیانداوە بەردەوام بن لەو گفتوگۆیانە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز