Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: هێشتا داعش جێی هەڕەشەیە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت هێشتا ڕێکخراوی داعش جێی هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان و لەسەر شانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیـیە بەردەوامبێت لە هەوڵەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گروپە تێرۆرستە.

مایک پەمپـێیۆ ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێکیدا لە کۆنگرەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش کە لە واشنتنی پایتەخت بەڕێوەدەچێت گوتیشی بۆیە ئەمڕۆ کۆبوونەتەوە چونکە هێشتا کاری زۆریان لەم پـێناوەدا لەبەردەمدا ماوە. ئاماژەی بۆ تەقینەوەکەی 16 ی مانگی یەکی شاری مەنبجی باکوری سوریای کرد و گوتی ئەوە نیشانی دەدات هێشتا داعش هەڕەشەیەکی مەترسیدارە لە ناوچەکە و کۆنترۆڵ نەکراوە.

گوتیشی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا مانای ئەوە نیـیە ئەمەریکا کۆتایی بە شەڕی دژی داعش هێناوە. جەختیشی کردەوە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر سوریا وەک خۆی ماوەتەوە و بە کشانەوەی هێزەکان تەنیا تاکتیکی شەڕی دژی داعش دەگۆڕدرێت نەک ئەو ئەرکەی هەڵمەتەکەیان بۆ دەستپـێکردبوو.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد پـێویستە بەپـێی بڕیاری ژمارە 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا بدۆزرێتەوە و پاشان تەواوی هێزەکانی سەر بە ئێران لە سوریا بکشێنەوە.

سەبارەت بە عێراقیش گوتی هێزە عێراقیـیەکان بەرەوپـێشچوونێکی باشیان لە دژی داعش تۆمارکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داعش لە هەندێک ناوچە بوونی هەیە، بۆیە لەسەر هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیـیە هیچ شوێنێکی ئارام بۆ داعش نەهێڵێتەوە و بەردەوامبێت لە پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراق لە هەوڵەکانی لە دژی تێرۆرزم.

بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا مایک پەمپـێیۆ گوتی سەرکەوتنی گەورەش بەسەر داعش تۆمارکراوە، لەوانە خاکێک لە ژێر دەستی داعش ڕزگارکراوە کە ڕووبەرەکەی مەزەندەدەکرێت زیاتربێت لە 110 هەزار کیلۆمەتر دووجا و هەروەها زیاتر لە 7 ملیۆن ژن و پیاو ئازادکراون و توانراوە لە عێراق زیاتر لە 4 ملیۆن ئاوارە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

وەزیری دەرەوە لە میانەی وتارەکەشی پـێشوازی لە هەردوو وڵاتی کینیا و فیجی کردووە کە هاتوونەتە نێو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش و بەوەش ژمارەی وڵاتانی ئەندام دەبنە 79 .

XS
SM
MD
LG