Accessibility links

سەربازێکی ئەمەریکایی بە 25 ساڵ زیندانی حوکمدەدرێت بە تۆمەتی پەیوەست بە داعش


وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند سەربازێکی پـێشووی لەشکری ئەمەریکا بە 25 ساڵ زینداینکردن حوکمدراوە بە تاوانی هەوڵی پـشتیوانیکردن لە داعش.

وەزارەتەکە دوێنێ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی دادوەری دادگای هاوایی سوزن ئۆکی مەڵوەی قایل بووە (ئیکایکا ئێرک کانگ) تەمەن 35 ساڵ بە 25 ساڵ زیندانیکردن حوکم بدات و پاشان دوای ئازادکردنی بۆ ماوەی 20 ساڵ لە ژێر چاودێری بمێنتەوە، ئەمەش داوای ئەوەی ناوبراو دانی بە تاوانەکەیدا نابوو.

جۆن دەیمەرز یاریدەدەری وەزارەتی داد لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی" کانگ سوێندی خواردبوو وەک سەربازێکی لەشکر بەرگری لە ئەمەریکا بکات ، بەڵام بە بەیعەتکردنی داعش و هەوڵی پـێشکەشکردنی پشتیوانی بۆی، ناپاکی لە وڵاتەکەی کرد.

بەپـێی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا ناوبراو لە سەرەتای ساڵی 2016 وە کاریگەری بیروباوەڕی داعشی لەسەر هەبووە و بەردەوام لەسەر ئنتەرنێت سەیری فیلمەکانی کوشتن و بڕینی کردوون، بۆیە بەم کارەی بووەتە جێی گومان و لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێریان کردووە.

لە مانگی شەش ساڵی ڕابردوو دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBIداوی بۆ ناوەتەوە و دوو کارمەندی خۆی وەک کەسانی سەر بە داعش پەیوەندیـیان پـێوەکردووە و ئەویش زانیاری هەستیاری داونەتێ. پاشان چووە فڕۆکەی درۆنی بۆ کڕیون و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی کاری تێرۆرستی، لەوانە تەقینەوە لە بازاڕێکدا لە کاتی جەژنی کرێسمس و تەقینەوەی خۆکوژی لە بنکەیەکی لەشکریدا.

دەزگای FBI ڤیدیۆشیان گرتووە کە چۆن بەیعەتی خۆی بۆ داعش ڕادەگەیەنێت و ئاڵاکەیان ماچ دەکات.

شان کاول کاربەدەست لە دەزگای FBI لە هاوایی گوتی هەرچەندە 2500 میل لە ویلایەتەکانی دیکەی ئەمەریکاوە دورین، بەڵام شیانی هەیە ئەم جۆرە تاوانانە لە هەموو شوێنێک ڕووبدەن.

XS
SM
MD
LG