Accessibility links

ئەمەریکا هێرشە ئاسمانیـیەکانی بۆ سەر داعش لە مانگی حەوتدا زیاترکردبوو


بەپـێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پەنتاگۆن) ژمارەی هێرشە ئاسمانیـیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر داعش لە مانگی حەوتدا زیادیکردووە، ئەمەش لەو دەمەی هێزە کوردیـیەکان لە سوریا ناوچەی زیاتریان لە داعش سەندووەتەوە و هاوکات هێزە عێراقیـیەکانیش خۆیان ئامادەدەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی چەند شارێـکی سـتراتیژی لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەیاندا.

ئامارەکان نیشانی دەدەن لەشکری ئەمەریکا لە نێوان 15 بۆ 31 ی مانگی حەوت نزیکەی ڕۆژانە 4.6 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ بۆمب و تەقەمەنی، واتە دوو هێندەی مانگی شەش کە ڕۆژانە نزیکەی 2.33 ملیۆن دۆلار خەرج کرابوو.

ئەفسەر کایڵ ڕەینز گوتەبێژی ناوەندی فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا لەم بارەیەوە گوتی مانگی حەوت 2829 بۆمب بەکارهاتووە، بەڵام مانگی شەش تەنها 1686 بۆمب، واتە بە ڕێژەی 67% زیادیکردووە.

هەروەها کاربەدەسـتێـکی لەشکری بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە لە کۆتایی مانگی حەوتدا دووەم گەورەترین هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر داعش لەوەتای لە سـاڵی ڕابردووەوە هێرشەکان دەسـتیپـێـکردووە.

کاربەدەسـتان و شارەزایانی لەشکری، زیادبوونی هێرشەکان دەگێڕنەوە بۆ هەماهەنگی باشتر لەگەڵ هێزەکان لەسەر زەوی کە ئەوان ئامانجەکانیان بۆ دەسـتنیشـان دەکەن.

دەشڵێن بۆردومانەکان زیاتر بەو چەکانە دەکرێن کە بە وردی ئامانجەکەی دەپـێکێت. بەپێی ئامارەکان لە مانگی شەش 98% هێرشەکان بەو چەکانە ئەنجام‌دراون، بەڵام لە شەڕی سـاڵی 2003 ی عێراقدا تەنها 68% هێرشەکان بەو جۆرە چەکان کرابوون.

هەروەها ئامارەکانی پەنتاگۆن نیشـانی دەدەن لەوەتای مانگی هەشتی ساڵی 2014 هەتا مانگی حەوتی ساڵی 2015 ئەمەریکا نزیکەی 3.5 ملیار دۆلاری لە شەڕی دژی داعش خەرجکردووە.

XS
SM
MD
LG