Accessibility links

ژمارەیەک سیناتۆری ئەمەریکا داوا لە سەرۆک وەزیری عێراق دەکەن کورد بپارێزێت


سیناتۆر ڕۆناڵد جۆنسن
سیناتۆر ڕۆناڵد جۆنسن

ماڵپەڕێکی ئەمەریکایی دەڵێت ژمارەیەک لە سیناتۆرانی ئەمەریکا کە ئەندامی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتن، نامەیەکیان ئاڕاستەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق کردووە و تیایدا داوایان لێکردووە کورد بپارێزێت و حەشدی شەعبی لە ناوچە هەستیارەکاندا بکشێنێتەوە.

ماڵپەڕی Washington Free Beacon دەڵێت نامەکەی دەستکەوتووە کە واژوکراوە لە لایەن هەشت سیناتۆر، ئەوانیش ڕۆناڵد جۆنسن (کۆماری) ، تیم کەین(دیموکرات) ، مارکۆ ڕۆبیۆ (کۆماری) ، جەیمس ڕش (کۆماری) ، کرس مرفی (دیموکرات) ، کوری گراندەر (کۆماری) ، جۆن باراسۆ (کۆماری) ، جانی ئیساکسۆن (کۆماری).

بەپـێی ماڵپەڕەکە ئەم سیناتۆرانە لە نامەکەیاندا بۆ عەبادی نووسیویانە پاراستنی هاوڵاتیانی کورد و کەمینەکان بۆ ئەوان ئەوپەڕی گرنگە، وە زۆر نیگەرانن لە شیانی بەکارهێنانی چەکی ئەمەریکایی لە دژی کورد و کەمینەکانی دیکە، ئەمەش لە کاتێکدا ئەمەریکا کارێکی زۆری کردووە بۆ پـڕچەککردن و مەشق و ڕاهێنان بە هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراق.

پاشان نیگەرانی تایبەتی خۆیان دەربڕیوە لە بەرامبەر ڕۆڵی ئێران لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکاندا و دەڵێن پاراستنی کورد لە ئێرانیـیەکان پـرسێکی زۆر گرنگە بۆ ئەمەریکا.

سیناتۆرەکان بە توندیش جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پـێویستە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە هەستیارەکان نەمێنن، لەوانە لە دەشتی موسڵ کە لەوێ نیگەرانیـیەکی زۆریان دروستکردووە بە تایبەتی لەلای کەمینەکان. دەشڵێن پـێویسە ئەرکی ئاسایشی لەو ناوچانە تەنها لە دەستی هێزە ئاسایشیـیە فەرمیـیەکاندابێت.

داواشیان لە عەبادی کردووە لە ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان تاک لایەنە و بەبێ هەماهەنگی جموجۆڵ بە هێزە ئاسایشیـیەکان نەکات، وە قایل ببێت بە سڕکردنی ڕیفراندۆمەکە و دەستبکات بە وتووێژ لەگەڵ ڕێبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی دەستوری بۆ ئەم قەیرانەی ئێستایاندا، وە میکانیزمێکی هاوبەش دابنێن بۆ ئاسایشی ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان.

لە درێژەی نامەکەدا نووسیویانە، ئەوان هەست بەوە دەکەن ئەو ڕیفراندۆمەی هەرێمی کوردستان تاک لایەنە ئەنجامی دا چۆن حکومەتی عێراقی خستە دۆخێکی قورسەوە و هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە ناوچەکە بێزارکرد و لەگەڵ ئەوانەشدا مەترسی بۆ سەر شەڕی دژی داعش دروستکرد لەم قۆناغە هەستیارەدا. بەڵام دەشڵێن پـێزانینیان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا پشـتیوانیـیەکی زۆری لە شەڕی دژی داعش کرد. دووپاتیشیان کردووەتەوە کە پشتیوانی دەکەن لە حکومەتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتووی فیدراڵدا.

لە کۆتایـیدا نووسیویانە پـێویستە بوونی پەیوەندیەکی سەقامگیر و ئاشتیانە و بونیادنەر لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا ئەرکی یەکەم و سەرەکی ئەمەریکا و عێراق ببێت.

XS
SM
MD
LG