Accessibility links

کەنەدیـیەکی بە ڕەچەڵەک عێراقی دانی‌ناوە بەوەی یارمەتیداوە لە هێرشی خۆکوژی لە عێراقدا


کەسێکی کەنەدی بە ڕەچەڵک عێراقی دانی‌ناوە بەوەی یارمەتی داوە لەو هێرشە خوکوژیـیەی لە مانگی چواری ساڵی 2009 کرایە سەر بنکەیەکی لەشکری ئەمەریکا لە شاری موسڵ.

فاروق خەلیل محەمەد عیسا (50 ساڵ) دوێنێ سێشەممە لە دادگای فیدراڵی برۆکلینی نیویۆرک دانی‌نا بە تاوانەکەیدا، ئەمەش پاش ئەوەی لەگەڵ داواکاری گشتی ڕێکەوت بەوەی ڕاستیـیەکان بڵێت لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکەی لە زیندانی هەتاهەتایـیەوە بۆ 26 ساڵ زیندانی و دواتر دیـپـۆرتکردنی.

پـیتەر بالدوین یاریدەدەری داوکاری گشتی بە دادوەری دادگاکەی گوت بەر لەوەی لەگەڵ فاروق بەو ڕێکەوتنە بگەن، قسەیان لەگەڵ کەسوکاری هەموو قوربانیـیەکان کردووە.

هێشتا دادوەر بڕیاری نەداوە بەو ڕێکەوتنەی قایل دەبێت یان نا.

جێی ئاماژەیە ناوبراو کە بە سەیفەدین تاهیر شەریف‌یش ناسراوە، کوردێکی عێراقە ساڵی 1993 وەک پەنابەر گەیشتووەتە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا و پاشان مافی هاوڵاتی بوونی دراوەتێ و ڕەگەزنامەی کەنەدی وەرگرتووە.

ناوبراو پەیوەندی بە تۆڕێکی تێرۆرستی هەبووە و ساڵی 2009 یارمەتی دوو خۆکوژی تونسی دابوو کە لە سوریاوە بەرەو عێراق بڕۆن تاوەکو کردەوەی خۆکوژی ئەنجام بدەن. بەپـێی بەڵگەنامەکان بۆ ئەم مەبەستە 700 دۆلاری بۆ یەکێکیان حەواڵەکردووە.

هەروەها لە میانەی لێکۆڵینەوەکان، فاروق گوتویەتی بەردەوام ئیمەیڵی بۆ ئەو دوو خۆکوژە تونسیـیە ناردووە لەو کاتەی کە لە سوریادا بوون.

دوو خۆکوژەکە لە 10 ی مانگی چواری ساڵی 2009 بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو خۆیان بە بنکەیەکی لەشکری لە موسڵ تەقاندەوە و لە ئاکامدا 5 سەربازی ئەمەریکایی و 2 سەربازی عێراقی کوژران.

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن ڕۆژێک لە پاش ئەو هێرشە خۆکوژیـیە، فاروق لە پەیوەندیـیەکی ئەلیکترۆنیدا بە کەسێـکی گوتووە " ئەو ڕووداوە گەورەیەی دوێنێت بیست؟ دەزانی کێـیە؟ ئەوە یەکێکە لە برا تونسیـیەکان." کەسەکەی دیکە لە بەرامبەردا گوتویەتی "الحمد لله".

ساڵی 2011 لە شاری ئەدمۆنتۆنی کەنەدا دەسـتگیرکرا پاش ئەوەی لێکۆڵەرەوانی ئەمەریکایی و تونسی و کەنەدی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی فاروق یارمەتی دوو خۆکوژەکەی داوە. ساڵی 2015 ڕادەستی ئەمەریکا کرا تاوەکو لەوێ دادگایی بکرێت.

XS
SM
MD
LG